بەرگریی شارستانیی زاخۆ: سێ کەس لە گۆمێکی ئاودا خنکان
رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی سەر بە ناحیەی باتێل لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پارێزگای دهۆک، سێ ئەندامی خێزانێک لە گۆمێکی ئاوی کۆمپانیایەکی نەوتدا خنکان.
رۆژی یەکشەممە، 03ـی ئایاری 2026، ئەڤیندار عیزەت، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"رووداوەکە لە گوندی (کوڵی) سەر بە ناحیەی باتێل روویداوە. سێ کەس کەوتوونەتە نێو گۆمێکی و خنکاون. دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانمان گەیشتنە شوێنەکە و کاژێر 4:10 خولەکی ئێوارە تەرمی هەر سێ کەسەکەیان لە ئاوەکە دەرهێنا".
لیوا دیوالی کۆچەر، فەرماندەی لیوای سێی پۆلیسی نەوت و گاز بە رووداوی گوت: "رووداوەکە نزیک کاژێر 3:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە روویداوە. سەرەتا منداڵێک کەوتووەتە نێو گۆمەکەوە، پاشان باوکی بۆ رزگارکردنی چووەتە نێو ئاوەکە و ئەویش خنکاوە، دواتر مامی منداڵەکە هەوڵی رزگارکردنی هەردووکیانی داوە و ئەویش گیانی لەدەستداوە."
لیوا دیوالی ئاماژەی بەوە کرد کە حەوزەکە بۆ دۆخی لەناکاو لەلایەن کۆمپانیایەکی نەوت و گازەوە دروستکراوە، تەواوی دەوروبەری تێلبەند کراوە و هێمای ئاگادارکردنەوەیشی لێیە، بەڵام ئەو خێزانە کە پیشەیان شوانکارییە و هاووڵاتیی عەرەبن، بەهۆی ئەوەی شارەزای ناوچەکە نەبوون، نەیانتوانیوە رێگری لەو رووداوە بکەن.
بەرگریی شارستانیی زاخۆ دەڵێ، ناسنامەی خنکاوەکان بەم شێوەیەیە:
(ت. ن. ع) تەمەن 8 ساڵ (کوڕ)
(ن. ع. م) تەمەن 40 ساڵ (باوک)
(م. ع. م) تەمەن 25 ساڵ (مام)
تەرمی خنکاوەکان رەوانەی دادپزیشکی زاخۆ کراوە.