وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا 5 نمرە بداتە قوتابییانی پۆلی 12
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا پێنج نمرە وەک (نمرەی بڕیار) بداتە سەرجەم قوتابییانی پۆلی 12ی ئامادەیی، ئەوەش بە مەبەستی سوودمەندبوون و بەدەستهێنانی مافی بەشداریکردن لە تاقیکردنەوە گشتییەکان.
بەپێی فەرمانێکی وەزاری، کە واژۆی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی لەسەرە و رۆژی 3-5-2026 دەرچووە، لەسەر پێشنیازی لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکان بڕیاردراوە بە: "پێدانی پێنج نمرە بۆ سەرجەم قوتابییانی پۆلی 12ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە (ئاسایی و دەرەکی)."
نوورەدین عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو پێنج نمرەیە بۆ هەموو قوتابییانی پۆلی 12ـیە. قوتابییان تاقیکردنەوەکانیان کردووە و سبەی دوایین تاقیکردنەوە دەکەن، چونکە دواین وادە 4ـی ئایار بوو بۆ هەموو قوتابخانەکان".
لەبارەی چۆنیەتی سوودمەندبوون لەو نمرانە، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان: دەڵێت "هەر قوتابییەک پێنج نمرەی بۆ هەژمار دەکرێت و بەپێی پێویستیی وانەکان بۆیان دابەش دەکرێت، تاوەکو بتوانن مافی بەشداریکردنیان لە تاقیکردنەوە گشتییەکاندا (وزاری) هەبێت."
بە گوتەی نوورەدین عوسمان، هەر قوتابییەک لە سێ وانە زیاتر بکەوێت، ناتوانێت تاقیکردنەوەی وزاری بکات.