ئێران بەندکراوێکی سیاسی کوردی لە سێدارە دا
رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، سزای لە سێدارەدانی بەندکراوێکی کورد بە ناوی میحراب عەبدوڵڵازادە جێبەجێکراوە.
بەیانیی رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی دەسەڵاتی دادی ئێران (میزان)، لە سێدارەدانی بەندکراوی سیاسیی کورد میحراب عەبدوڵڵازادەی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی میزان، میحراب عەبدوڵڵازادە بە کوشتنی ئەندامێکی هێزەکانی بەسیج، کە هێزێکی سەر بە سوپای پاسدارانە، تۆمەتبار کرابوو.
ئاژانسی هەواڵیی میزان، سەر بە دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت: "پاش تێپەراندنی قۆناخە یاساییەکان لەلایەن دیوانی باڵای وڵات، سزاکە دەرچووە."
دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاندووە، سزای میحراب عەبدوڵڵازادە ئەم بەیانییە جێبەجێکراوە، بەڵام ئاماژە بە شوێنەکەی نەکراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 18ی کانوونی یەکەمی 2025، مێحراب عەبدوڵڵازادە کە لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ راگیرابوو، لە بڕیارەکە ئاگادار کرایەوە.
میحراب عەبدوڵڵازادە پاییزی ساڵی 2022 دەستگیرکرا و هاوینی ساڵی 2024 لە لایەن لقی یەکی دادگەی شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر نەجەفزادە بەتۆمەتی "بەغی" واتا ئەندامێتی لەو گرووپانەی دژی حکومەتی ئیسلامی چالاکی چەکدارانەیان هەیە، بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و لە 21-12-2025 سزاکەی لەلایەن دیوانی باڵای وڵات پەسند کرا.
دوێنێ شەممە، 2ی ئایار ناسر بەکرزادە، بەنکراوی کورد و یەعقوب کەریم پوور بەندکراوی ئازەری بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە سێدارەدران.
ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ساڵانە زۆرترین سزای لەسێدارەدان تێیدا جێبەجێ دەکرێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، لانیکەم 21 کەس لە ئێران بە "تاوان"ی پەیوەندیدار بە ''بەرەنگاربوونەوەی چەکداری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و هاوکاریکردنی ئیسرائیل و ئەمریکا'' لەسێدارە دراون.