دەستەی مافی مرۆڤ: تەندروستیی شێروان شێروانی باشە و کێشەی نییە

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

شاندێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی تەندروستیی شێروان شێروانی، سەردانی چاکسازیی گەورانی هەولێریان کرد، کە مانگرتنی لە خواردن راگەیاندووە. بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی مافی مرۆڤ گوتی: "تەندروستیی زۆر باشە و دوو داواکاریی هەیە".
 
رۆژی یەکشەممە، 03ـی ئایاری 2026، شاندێکی باڵای دەستە بە سەرۆکایەتیی دکتۆر مونا یاقوو، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و بە بەشداریی رامان مەجید، راوێژکاری دەستە و تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی، سەردانی چاکسازیی گەورانی هەولێریان کرد.
 
ئامانجی سەردانەکە بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی راگیراوان و سزادراوانی ناو چاکسازییەکە بووە، بەڵام تەوەرێکی سەرەکیی دیداری شاندەکە، بینینی (شێروان شێروانی) بووە. شاندەکە لە نزیکەوە چاویان بە شێروانی کەوتووە و لە تەندروستییان پرسیوە، بەتایبەت دوای ئەوەی مانگرتنی لە خواردن راگەیاندبوو.
 
تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی لە دەستەی مافی مرۆڤ بە رووداوی راگەیاند: "تەندروستیی شێروان شێروانی باش بوو و پرسیارمان لێکرد تاوەکو بزانین کێشە و گرفتەکانیان چییە. تاوەکو بە هاوئاهەنگی لەگەڵ چاکسازیی گەوران و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازیی کۆمەڵایەتی بۆی چارەسەر بکەین".
 
لەبارەی داوکارییەکانییەوە گوتی: دوو داواکاری هەبوو، یەکێک لە داواکارییەکان ئەوە بوو کە مۆڵەتی سزادراوی پێبدرێت، دووەمیش ئەوەبوو کە بگوازرێتەوە بۆ چاکسازیی گەورانی سلێمانی. "لەبارەی گواستنەوەی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی سلێمانی، ئەمە ناکرێت، چونکە شوێنی نیشتەجێبوونی هەولێرە. بۆ مۆڵەتەکەش، بەپێی ئەو رێنماییانەی ئێستا لەبەردەستن، دەرچەیەکی یاسایی گونجاومان بۆ نەدۆزیوەتەوە و بەردەوامین لە بەدواداچوون".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی لە دەستەی مافی مرۆڤ، شێروان شێروانی گوتویەتی 12 رۆژە مانیگرتووە. گوتیشی:"بەڵام تەندروستیی باش بوو هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبوو. داوامان لێکرد مانگرتنەکەی بشکێنێت و ئێمەش بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی دەکەین".
 
دوای چەند مانگێک لە دەستگیرکردنیان، دادگەی تاوانی هەولێر، 16-02-2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی"، هەریەک لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە یەکی شەش ساڵ زیندانیکردن سزادا. 
 
مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ـی سزاکەیان لابرا، جگە لە شێروان شێروانی کە 50% کەمکرایەوە.
 
دوای لێخۆشبوونەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، 16-03-2023 سێ کەس لە حوکمدراوان کە بریتی بوون لە ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید ئازاد کران و دوای دوو سزای دیکە، گوهدار محەممەدیش ئازاد کرا.
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەبوو ئەیلوولی 2023 شێروان شێروانی ئازاد بکرایە، بەڵام پێش ئەو کاتە و لە 20ـی تەمموزی 2023، شێروانی بە مادەی 298 و 295 لە یاسای سزادانی عێراق، بە چوار ساڵ بەندکردن سزا درایەوە، دواتر بە بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوار ساڵەکە کرایەوە بە دوو ساڵ و بڕیاربوو ئەمڕۆ ئازاد بکرێت.