هەفتەی داهاتوو کابینەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی تەواو دەکرێت و ئەمریکا هۆشداری دەدات
رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو هەفتەی تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەی عەلی زەیدییە. ئەوەی دەمێنێتەوە دەنگدانە لەسەری لە پەرلەمانی عێراق بەو پێیەی کۆ دەنگی هەیە لەوێش بە ئاسانی تێدەپەڕێت.
رووداو زانیویەتی ئەمریکا هۆشداری بە راسپێردراوی سەرۆکوەزیران داوە کە گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە نابێت جێیان لە نێو حکومەتی داهاتوودا بۆ بکرێتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە قەیس خەزعەلی بەدوای جێگرێکی سەرۆک وەزیرانە و گروپەکانی دیکەش وەزارەت و پۆستیان دەوێت.
ئەندامێکی رەوتی حیکمە دەڵێت: "حکومەت بەبێ کێشە پێکدەهێنرێت و هاوئاهەنگییەکی بەهێز هەیە لەلایەن هێزە سیاسییەکان بۆ ئەو مەبەستە، هەروەها پێشوازی نێودەوڵەتی بۆ بەڕێز عەلی فالح هەیە، هەموو هێزە نیشتمانییەکان دەستیان بە ئامادەکردنی بەربژێرەکانیان کردووە وەزارەتەکان دابەش دەکرێت لەنێوانیان، زۆربەی پێکهاتە و هێزە سیاسییەکان بەشدار دەبن لەم حکومەتە، ئەوەی گرنگە هێزە سیاسییەکان بە پەرۆشن بۆ بەشداری لە حکومەتی داهاتوو."
چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان و پارتی دیموکراتی کوردستانیش لاپەرەیەکی سپی هەڵدەدەنەوەو ناکۆکییە سیاسیەکان وەلا دەنێن. پلانەکە وایە هەفتەی داهاتوو فراکسیۆنی پارتی بگەڕێتەوە بەغداو هاوکات بەربژی جێگری سەرۆک وەزیران و دوو بەربژێریش بۆ دوو وەزارەت کە یەکێکی سیادییە پێشکەشی عەلی زەیدی بکرێت.
حوسێن عەنکوشی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت: "ئێمە پێمان وایە ژیری و حیکمەتی بەڕێز مەسعود بارزانی وەک باوکێک و زەعیمێکی سیاسی دڵنیاین لەگەڵ یەکێتی نەتەوەیی و عێراقدایە، راستە بۆچوون و دیدگای جیاواز دەبێت، بەڵام عێراق لە پێشی هەموو شتێکەوەیە، ئێمە باوەڕمان بە ژیری و مامەڵەی بەڕێز مەسعود بارزانییە دڵنیاین دەبنە بەشێکی سەرەکی لە حکومەتی داهاتوو بەو پێیەشی عێراق بە قەیرانێکی گەورەی ئابووری تێدەپەڕێت، پێویستمان بە هاوئاهەنگی هەموو لایەک هەیە."