چیرۆکی لەسێدارەدانی دوو گەنجی کورد لە ورمێ؛ لەبەر ئەشکەنجە هەوڵی خۆکوشتنیان دابوو

 
رووداو دیجیتاڵ 

دەسەڵاتی دادی ئێران، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دوو گەنجی کوردی سنووری ورمێ دەرکرد و بڕیارەکە جێبەجێ کرا. دوای لەسێدارەدان، حکومەتی ئێران رێگەی نەدا لەناو شار پرسەیان بۆ دابنرێت. هاوڕێیەکیان لەنێو زیندان دەڵێت: " ناسر و میحراب دەستگیراندار بوون و تاوەکو دوا ساتیش دەستگیرانەکانیان چاوەڕێی ئازادکردنیان بوون."
 
چیرۆکی میحراب عەبدوڵڵازادە
 
بەیانیی رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی دەسەڵاتی دادی ئێران (میزان)، لە سێدارەدانی بەندکراوی سیاسیی کورد میحراب عەبدوڵڵازادەی بڵاوکردەوە.
میحراب عەبدوڵڵازادە بە کوشتنی ئەندامێکی هێزەکانی بەسیج، کە هێزێکی سەر بە سوپای پاسدارانە، تۆمەتبار کرابوو.
 
یەکێک لە هاوڕێکانی میحراب کە لە هاوینی 2025 سێ مانگ پێکەوە زیندان بوونە، لەبارەی ژیان و گوزەرانی میحراب و ناسر قسەی بۆ رووداو کرد. 
 
حەمید چەپاتی، چالاکڤانی مەدەنی و سیاسییە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاک بووە، هەر بەو تۆمەتەش سێ مانگ لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ دەستگیرکراوە و سێ مانگی دیکەش لەماڵەوە پێبەند کراوە، بەڵام دوای تەواوبوونی سزاکەی هەڵاتووە و ئێرانی جێهێشتووە.
 
میحراب لەژێر ئەشکەنجەدا دانی بە کوشتنی بەسیجییەکەدا نا
 
چەپاتی باسی سێ مانگی پێکەوەبوون لەگەڵ میحراب عەبدوڵڵازادە دەکات و دەڵێت: "میحراب لە شۆڕشی ژینا لە ساڵی 2022 لە شەقامی وەلی عەسری ورمێ دەستگیرکرا، لەوێ دووکانی سەرتاشخانەی هەبوو."
 
بەر لەوەی دەستگیر بکرێت، بەسیجییەک لە نزیک دووکانەکەی کوژراوە، ئەویش بەو تۆمەتە خراوەتە زیندانەوە. چەپاتی دەڵێت: "لەژ‌ێر ئەشکەنجەدا بە ناچاری دانی بەوەدا نا کە ئەو کوشتوویەتی."
 
لەبارەی کەسایەتیی میحرابەوە زیاتر گوتی: "کەسێکی سیاسیی نەبوو، زۆر رووخۆش و خۆش مەشرەب بوو، هەرچەندە زۆربەی رۆژەکان ئەشکەنجەیان دەدا، بەڵام هەموو شەوێک تاوەکو بەرەبەیان پێکەوە قسەمان دەکرد."
 
میحراب بەر لەوەی لەسێدارەی بدەن دوو جار هەوڵی خۆکوشتنی دابوو
 
ئەو هاوڕێیەی میحراب زیاتر گوتی: " بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژیا، چونکە چاوەڕێی لەسێدارەدان بوو، ئەوەندە ئەشکەنجەیان دا، دوو جار هەوڵی خۆکوشتنی دابوو."
 
لەبارەی هەستی نیشتمایی میحرابەوە گوتی: "رۆژێک پێی گوتم. کە لە دادگە کە زانییان کوردم هەڵوێستیان گۆڕاوە بەرامبەرم و تووندتر بوون." گوتیشی: "من لە زیندان زانیم میحراب چەند کەسێکی کورد پەروەرە."
 
میحراب عەبدوڵڵازادە پاییزی ساڵی 2022 دەستگیرکرا و هاوینی ساڵی 2024 لە لایەن لقی یەکی دادگەی شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر نەجەفزادە بەتۆمەتی "بەغی" واتا ئەندامێتی لەو گرووپانەی دژی حکومەتی ئیسلامی چالاکی چەکدارانەیان هەیە، بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و لە 21-12-2025 سزاکەی لەلایەن دیوانی باڵای وڵات پەسند کرا.
 
بە گوتەی چەپاتی، "دەستگیراندار بووە و تاوەکو دوا ساتەکانیش، دەستگیرانەکەی بە ئومێدی ئازادکردنی چاوەڕێی بووە."
 
چیرۆکی ناسر بەکرزادە
 
ناسر هاوڕێی میحراب بوو، ئەویش لەگەڵ هاوڕێیەکی دیکەیان بەناوی یەعقوب کەریمپوور، رۆژی شەممە 2ی ئایار لەسێدارە دران.
ناسر لە لە ساڵی 2023، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەستگیرکرا . حەمید چەپاتی دەڵێت: "ناسر 88 رۆژی سەرەتا لە ئیتڵاعات دەستبەسەر بووە و ئەشکەنجەی زۆر قورس دراوە، لەژێر ئەشکەنجەدا دانی بەتاوانیدا نا و ڤیدیۆی گیرابوو."
 
تاقانەی دوو خوشک و دەستگیراندار بوو
 
ناسر بەکرزادە، تەمەن 26 ساڵ، لەلایەن لقی 39ی دادگەی شۆڕشی ئیسلامی بە تۆمەتی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر بەرپرسان، کەسانی مەزهەبی و شوێنە هەستیارەکان وەک نەتەنز و ناردنی بۆ دەرەوی ئێران سزای لە سیدارەدانی بۆ دەرچووە.
 
چەپاتی دەڵێت: "ناسر تاقانەی دوو خوشک بوو، لە بازاڕی ورمێ دووکانی مۆبایلی هەبوو، دەستگیراندار بوو بەڵام بە ئاواتیان نەگەیشتن."
 
ناسریش لە زیندان جارێک هەوڵی خۆکوشتنی داوە. چەپاتی دەڵێت: "لەو زیندانە ئەوەندە ستەم لە کورد دەکەن، ئەگەر هەستی نیشتمانیشت نەبێ، لەو زیندانە دەگۆڕێیت و دەبیتە کەسێکی دیکە."
 
دوای لەسێدارەدانیان، ئێران رێگەی نەدا لەناو شاری ورمێ پرسەیان بۆ دابنێن، بۆیە کەسوکاری بە ناچاری پرسەکەیان بردە گوند.
 
یەعقووب کەریم پوور
 
یەعقوب کەریم پوور، هاووڵاتیی ئازەری بوو، پەیڕەی ئایینی یارسان بوو، لە کاتی شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا دەستبەسەر کرابوو.
کەریم پوور، لەلایەن لقی یەکەمی دادگەی شۆرشی ورمێ بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو و مانگی رابردوو لە لقی 9ی دیوانی باڵا سزاکەی پشتڕاست کرابووەوە.
 
ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ساڵانە زۆرترین سزای لەسێدارەدان تێیدا جێبەجێ دەکرێت.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، لانیکەم 21 کەس لە ئێران بە "تاوان"ی پەیوەندیدار بە ''بەرەنگاربوونەوەی چەکداری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و هاوکاریکردنی ئیسرائیل و ئەمریکا'' لەسێدارە دراون.