کارکردن لە دوو سایدی دەربەندیخان - زەڕایەن دەستپێدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە رایگەیاند، کارکردن لە رێگەی دوو سایدی قەزای دەربەندیخان و ناحیەی زەڕایەن لە پارێزگای سلێمانی دەستپێدەکاتەوە.
 
کۆمپانیای بێشکان، جێبەجێکاری دوو سایدکردنی رێگەکە رایگەیاند، لەسەر بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "دەست بەکارەکانمان دەکەینەوە لە پڕۆژەی رێگەی نێوان دەربەندیخان - زەڕایەن."
 
عوسمان حەمەسەعید، خاوەنی کۆمپانیای بێشکان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکە و وردەکارییەکانی رادەگەیێنین."
 
سەرەتای نیسانی ساڵی 2024 سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر نووسراوێک کرد، کە تایبەت بوو بە دوو سایدکردنی رێگەی نێوان قەزای دەربەندیخان و ناحیەی زەڕایەن.
 
بەرپرسێکی ئاگادار لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی گوت، "پڕۆژەکە تەنیا 10 کیلۆمەتر و نیوە، دوای زیاتر لە ساڵێک کارکردن بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە تەنیا بڕینی تێدا کرا و نەگەیشتە قیرکردن، لە کۆتایی ساڵی رابردووشەوە کۆمپانیای جێبەجێکار کارکردنی تێدا راگرتووە بەهۆی پێنەدانی پارەوە."
 
نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 4459 و واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەربوو، تێیدا هاتبوو، "لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و کەمکردنەوەی رووداوی هاتووچۆ، رەزامەندیی بەڕێز جێگری سەرۆکوەزیران وەرگیرا بۆ بە دوو سایدکردنی رێگەی نێوان (زەڕایەن - دەربەندیخان) لە چوارچێوەی فەرمانی گۆڕانکاریی پڕۆژەی رێگەی کەلار – سلێمانی."
 
پڕۆژەکە ستراتیژییە و بە تەواوبوونی تەواوی رێگەی کەلار بۆ سلێمانی دەبێتە دوو ساید.
 
رێگەی نێوان دەربەندیخان و ناحیەی زەڕایەن، جگە لە دانیشتووانی هەردوو سنوورەکە، رێگەی سەرەکیی هاتووچۆی دانیشتووانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیشە بۆ سلێمانی و دەوروبەری.