لە سلێمانی 'کۆنیشانێکی داون' لەڕێگەی کاری دەستییەوە بژێویی خۆی دابین دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دانیار دانیشتوویەکی سلێمانییە و 'کۆنیشانی داون'ـی هەیە، ئەو لەڕێگەی کاری دەستییەوە داهاتێکی هەیە و بە پاڵپشتی خێزانەکەی توانیویەتی بژێوی ژیانی دابینبکات. تەمەنی 22 ساڵە و تاوەکو پۆلی حەوتی بنەڕەتی خوێندووە، دوو ساڵیش لە پەیمانگەیەکی تایبەت خوێندوویەتی.
دانیار تاهیر بە رووداوی گوت، "یەکەمجار بە دروستکردنی بیر دەستم پێکرد، کە لە بەرد دروستکراوە و بە هێلمی دارتاشی بەردەکان بەیەکەوە دەینووسێنم. دوای ئەوە زۆر بیرمکردەوە و دەستم بە دروستکردنی بەردەکانیش کرد. ئەم کارەی دەیکەم بۆئەوەیە بتوانم داهاتێکم هەبێت و خۆم بەڕێوەبەرم."
دانیار توانیویەتی چەندین کەسی دیکەش لە سەنتەرێکی داون سیندرۆم فێری هونەرەکەی بکات. لەو بارەوە دەڵێت، "یارمەتی منداڵەکان و مامۆستاکانیش دەدەم، چەندێک لە توانامدا بێت هاوکارییان دەکەم."
دانیار بەکۆڵێک بەرهەمی دەستییەوە دەچێتە پێشانگەیەک بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانی. خوشکە گەورەکەی سەرۆکی گروپی هونەری گەڕۆکە و رێکخەری پێشانگەکەیە، هاوکاری براکەشیەتی.
چرا تاهیر، خوشکی دانیار و سەرۆکی گرووپی هونەری گەڕۆک باسی لەوە کرد، "دایک و باوکم زۆر هاوکاری دانیار دەکەن، هەرشتێکیشی پێویست بێت خۆم و خۆشکەکانم هاوکاری دەکەین، واتە هەموومان هاوکاری دەکەین. ئێمە ئامانجمان ئەوەنییە بژێوی ژیانی خۆی دابینبکات، بەڵکو ئامانجمانە توانای خۆی دەربخات و خەڵک بە چاوی بەزەییەوە تەماشای نەکات، چونکە ئەمیش توانای هەیە، زۆر کەسی دیکەشمان هەیە توانایان هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەچاوی بەزەییەوە سەیردەکرێن، ناتوانن بێنە دەرەوە و دەست بە کار بکەن. سەرەتا کە ناردمان بۆ قوتابخانە، دایکم خۆی لەگەڵی دادەنیشت، بەڵام دواتر مامۆستاکانیشی زۆر زۆر هاوکارییان کرد."
دانیار رۆژانە لە ماڵەوە بەرهەمەکانی دروستدەکات، بەڵام بۆ فرۆشتنەوەیان دەبێت چاوەڕێی کردنەوەی پێشانگەیەک بکات.
دڵگیر عومەر، ژنی ماڵەوەیە و کڕیاری بەرهەمێکی دانیارە، ئەو باسی لەوە کرد، "ئەم پیتانەم پێ جوانبوو، کوڕەکەشم هەر پێی جوانبوو، بۆیە دانەیەکم کڕیوە و لە ژووری کوڕەکەم هەڵیدەواسم. کارەکانی بەگشتی جوان و ناوازەن، هیوادارم زیاتر پەرە بە دەستڕەنگینییەکەی بدات و سەرکەوتووبێت."
ئەو گەنجە پڕ وزەیە، ئامانجییەتی کارەکەی فراوانتر بکات و زیاتر پەرە بە بەرهەمەکانیشی بدات.