بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلۆک: لە چوار ساڵدا بەبەهای 11.5 ملیار دینار پرۆژەمان جێبەجێکردوون

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلۆکی سەر بە قەزای ئامێدی رایدەگەیێنێت، لە چوار ساڵی رابردوودا بە بەهای نزیکەی 11 ملیار و 500 ملیۆن دینار پرۆژەی خزمەتگوزارییان لە سنوورەکەدا جێبەجێکردووە و دەشڵێت، بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە 40 گوندی سنوورەکەیان چۆڵکراون. 
 
رێبەر سادق، میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی دۆخی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنوورەکەیان کرد و گوتی، لە چوار ساڵی رابردوودا چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سێکتەرە جیاوازەکاندا جێبەجێکراون کە بەهاکەیان نزیکەی 11 ملیار و 500 ملیۆن دینار بوون.
 
ئاماژەی بەوەکرد، لە سێکتەری شارەوانی نزیکەی چوار ملیار دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و رێگە و قیرتاوکردنی شەقامە نێوخۆییەکانی گەڕەکەکانی گوڵان، ئازادی، داستان، دارستان و شەهیدان خەرجکراوە، هەوەها لە سێکتەری کارەبا، چەند پرۆژەیەک لە سنوورکە جێبەجی کراون، وەکو گەیاندنی هێڵی کارەبا و دانانی گۆڕەر و روناکی بۆ ناوەندی ناحیەکە نزیکەی دوو ملیار دینار خەرجکراوە.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلۆک گوتیشی، لە سێکتەری ئاوی خواردنەوە، چەندین پرۆژە دروستکراون، وەکو دروستکردنی خەزان و دانانی تۆڕی ئاو بۆ چەند گوندێک و ناوەندی ناحیەکە بە گوژمەی نزیکەی ملیارێک دینار و لە سێکتەری ئاودێریش نزیکەی ملیاریک بۆ سێکتەری ئاودێری لە گوندەکانی سنوورەکە خەرجکراوە.
 
گوتیشی، لە رێگەوبانی گوندەکانیش، چەندین گوند رێگەکانیان چاککراوە و نزیکەی دوو ملیار دینار خەرجکراوە، ئەمە جگە لە نۆژەنکردنەوەی چەند قوتابخانەیەکی سنوورەکە بە گوژمەی نزیکەی 500 ملیۆن دینار.
 
بەگوتەی رێبەر سادق، هەر لەماوەی ساڵانی رابردوودا سێ پرۆژەی ستراتیژی لە سنوورەکە جێبەجێکراون کە رۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە پێشخستنی ژێرخانی سنوورەکە، وەکو دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی بە گوژمەی 64 ملیار دینار کە ئێستا تەواو بووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکرێتەوە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆژەی ئاوی قەزای ئامێدی لە سنووری ناحیەی دێرەلۆک کە ئاوی خواردنەوە بۆ ناوەندی قەزای ئامێدی و ناحیەکانی دێرەلۆک، شێلادزێ، سەرسەنگ و بامەڕنێ دابین دەکات بە گوژمەی 106 ملیار دینار تەواو کراوە و دووساڵە لە خزمەتدایە، لەگەڵ پرۆژەی بەنداوی دێرەلۆک، 206 ملیاری بۆ تەرخانکرابوو، ئێستا 90٪ی تەواوکراوە و بەگوێرەی داهاتی ئاوی بەنداوەکە کارەبا بەرهەم دەهێنێت.
 
لەسنووری ناحیەی دێرەلۆکی ئامێدی، 56 گوند هەن، بەڵام بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا بەشی زۆریان چۆڵن، رێبەر سادق گوتی، لەکۆی 56 گوندی سنوورەکە ئێستا 16 گوند ئاوەدانن و 40 گوند بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا چۆڵن.
 
لەبارەی دۆخی کشتوکاڵی سنوورەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانە جووتیارانی سنوورەکە نزیکەی 100 دۆنم مەرزە دەکەن و برنجی کوردی بەرهەم دەهێنن.