فراکسیۆنی یەکگرتوو لەبارەی مووچە لەگەڵ سوودانی کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەران لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و نامەیەکی ئەمینداری حیزبەکە رادەستی سوودانی دەکەن.
دارا سێکانیانی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەر چوار ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە.
ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکگرتوو گوتی، لە کۆبوونەوەکەدا نامەیەکی سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە دەدەنە سەرۆکوەزیرانی عێراق.
لەبارەی نێوەڕۆکی نامەکە، داراسێکانیانی گوتی، لە پەیامەیەکدا ئەمینداری گشتی یەکگرتوو داوادەکات مووچەی فەرمانبەران تێکەڵ بە کێشە و گرفتی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکرێت و فەرمانبەران نەبنە قوربانی ململانێکان و مووچە قوتی خەڵکە نابێت دەستی بۆببرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت بڕیارێک لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە بدرێت.
رۆژی چوارشەممە، 28-05-2025، تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق، هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگەى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى و دەڵێت: "19.2 تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەست نەکراوە".