تەندروستیی زاخۆ: یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکرا
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی زاخۆ دەڵێت، هاونیشتمانییەکی تەمەن 28 ساڵ تووشی تای خوێنبەربوون بووە.
رۆژی سێشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2025، ئەمیر عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوو رۆژ پێش ئێستا پشکنینمان بۆ ئەو هاونیشتمانییە کرد، ئەمڕۆ پشکنینەکانی لە بەغداوە گەڕانەوە و دەرکەوت تووشی تای خوێنبەربوون بووە."
ئەمیر عەلی گوتی: "ئەمە یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوونە لە زاخۆ تۆماربکرێ و سبەی دەخرێتە ژێر چاودێریی تەندروستی؛ تەندروستیی جێگیرە."
ئەو هاونیشتمانییە دانیشتووی ناحیەی بێگۆڤای سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە و شوانە.
31ـی ئایاری 2025یش تووشبوویەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکرا. وەزارەتی تەندروستی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەو هاونیشتمانییە بەهۆی بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵێک تووشبووە.