هۆشیار زێباری: راگرتنی مووچە بریتییە لە برسیکردنی بەکۆمەڵ

رووداو دیجیتاڵ

هۆشیار زێباری لەبارەی راگرتنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی  هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات و دەشڵێت: "لە کاتێکی زۆر خراپدایە"
 
رۆژی سێشەممە سێی حوزەیرانی 2025، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەژمارەی ئێکسی خۆیدا نووسی: "بڕیاری حکومەتەکەی بەڕێز سوودانی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە راگرتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کاتێکی زۆر خراپدایە و بۆ سزادانی بەکۆمەڵ و برسیکردنی بەکۆمەڵی هاونیشتمانییانی هەرێمە، ئەوەش لە رێگەی پەنابردن بۆ بیانووی دارایی و کارگێڕی. ئەو هەنگاوە بە ئاسانی و بێ سزا تێناپەڕێت و لێکەوتەی دەبێت".
 
هۆشیار زێباری دەشڵێت: "ئێمە لە شارێکی نموونەییدا ناژین و مێژووی سیاسیی ئێمەش ئەوە نیشان دەدات کە دەستدرێژیکار سزا دەدرێت." 
 
تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە. 
 
28-5-2025 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو کە وەزارەت ناتوانێ لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێ، بەهۆی "تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە."
 
29-5-2025 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بە زمانی عەرەبی وەک وەڵامێک بۆ تەیف سامی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو: "ئەو رێڕەوەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتییەبەر لە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراقە؛ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت پشت بە داهاتە فیدراڵییە کۆکراوەکان ببەستێت نەک خەرجی کردەیی".