رێژەی گومرگ دەگۆڕدرێت؛ رووداو وردەکاری دەخاتەڕوو

رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە بڕی گومرگ بگۆڕێت و رێژەکەی بەرز دەکاتەوە، بە جۆرێک لە 10٪ دەستپێدەکات تاوەکو 30٪. رووداو بڕی وەرگرتنی گومرگ بە گوێرەی جۆری کاڵاکان دەخاتەڕوو.
 
بەگوێرەى نووسراوێک کە دەستەى گومرگى عێراق لە یەکى حوزەیرانى 2025 بۆ نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا و سەرجەم بەڕێوەبەراتییەکانى گومرگی عێراقی ناردووە، بڕی گومرگ لەسەر کاڵا و ئۆتۆمبێلى هاوردەکراو هەڵوەشێنراوەتەوە، کە پێشتر لە لیستى هاوبەش لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەبوو، لە نووسراوەکەدا هاتووە کە لە 1ی ئەم مانگەوە کار بە لیستى نوێ دەکرێت.
 
ئەو هەنگاوە بۆ جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە 270ى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراقە کە تایبەتە بە یەکخستنى پێناسى گومرگى و دیاریکردنى بڕی نوێی گومرگ. 
 
د. حامی هەرکی، راوێژکاری لۆجیستی و گومرگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچارە کە ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات، ئەگەرنا لە بازگەکانی موسڵ و کەرکووک رێگە بە تێپەڕبوونی بارەکان نادرێت بۆ پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق."
 
د. حامی هەرکی دەڵێت، "بڕیارەکە نوێکردنەوەی تێدایە، پێشتر بڕی گومرگی سەر کاڵا لە عێراقدا بۆ خۆراک 1٪، بۆ کاڵای گشتی 5٪ و بۆ کاڵا و شتومەکە تایبەتەکان، دەرمان و ئامێری پزیشکی 15٪ بوو، بەڵام ئێستا گۆڕاوە. لە 10٪ دەستپێدەکات تاوەکو 30٪."
 
وەک د. حامی ئاماژەی پێدەکات، "بڕیارەکە لەسەر هاوردەی زێڕ و مۆبایل و هەروەها کۆنتێنەرەکانی بەندەری ئوم قەسر لە بەسرە جێبەجێ ناکرێت."
 
بە گوتەی ئەو راوێژکارە گومرگییە، "رەنگە چەند مانگێکی بوێت تاوەکو لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر نرخی خۆراک و کاڵاکان دەبێت لە بازاڕدا."
 
زیادکردنی گومرگ بەگوێرەی جۆری کاڵاکان بەم شێوەیە:
 
گومرگی 10٪ بەگوێرەی کیلۆگرام/لیتر
- بەروبوومە ئاژەڵییەکان
- سەوزە و میوە
- رۆن و چەوری ئاژەڵ و گیایی
- بەرهەمەکانی پیشەسازی خۆراکی، خواردنەوە کحولییەکان، سرکە و تووتن
- بەرهەمە کانزاییەکان
- بەرهەمەکانی پیشەسازی کیمیایی یان هەر بەرهەمێکی پەیوەندیدار بەو بوارە
- سابوون، مادەکانی شووشتن، هەموو جۆرەکانی مۆم، کەرەستەی پزیشکی ددان
- مادە پڕۆتینییەکان، بەرهەمە دەستکاریکراوەکانی نیشاستە، چەسپ و ئەنزیمەکان
- بارووت و یاری ئاگرین
- بەرهەمەکانی وێنەگرتن و سینەمایی
- مادە کیمیاییە هەمەجۆرەکان
- مادە پلاستیکی و نەرمەکان
 
گومرگی 15٪ بەگوێرەی کیلۆگرام/مەتر سێجا
- هەموو جۆرەکانی پێستە بە سروشتی و دەستکردەوە
- دار و دروستکراوەکان لە دار، خەڵووزی دار، مادەی فلین و پەڕۆ
- کتێب و هەموو کەرەستەکانی پەڕاوگە
- خوری و هەموو دروستکراوەکانی
- پێڵاو، چاویلکە، کڵاو، چەتر، گۆچان
- دروستکراوەکانی بەرد و شووشە
 
گومرگی 0.5٪ بۆ هەر گرام یان کیلۆگرامێک
- هەموو جۆرەکانی بەردی گرانبەها و مرواری
 
گومرگی 10٪ بۆ هەر کیلۆگرام/دانە/تۆن
- مس، ئاسن و شیش
- هەموو جۆرەکانی کانزا
 
گومرگی 30٪ بۆ هەر دانەیەک
- هەموو جۆرەکانی ئامێرە کارەباییەکان
 
گومرگی 15٪ بۆ هەر دانەیەک 
- ئامێر و کەرەستەکانی گواستنەوە
- ئامێرەکانی کامێرا، کەرەستەی پزیشکی و نەشتەرگەری و ئامێرە میوزیکییەکان.
 
گومرگی 30٪ بۆ هەر دانەیەک
- چەک و تەقەمەنی
 
گومرگی 15٪ بۆ هەر دانەیەک
- مۆبیلیات و هەموو کەرەستەکانی نێوماڵ و نووسینگە، یاری منداڵان و وەرزش
- شاکارە هونەرییەکان و پارچە شوێنەوارییەکان