موسەننا ئەمین پاش دیداری لەگەڵ سوودانی: مووچە نابرێتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق کۆبووەتەوە. ئەندامێکی فراکسیۆنەکە دەڵێت: "ناتوانین بڵێین پێش جەژن کێشەکان چارەسەر دەبن".
لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ سێشەممەوە، نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "پێشوازیمان لە شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کرد و دڵنیامان کردنەوە، کە حکومەت لە ئاست خواستەکانی هاووڵاتییاندا دەبێت و بەدواداچوون بۆ کاروبارەکانیان دەکات لە تەواوی عێراقدا".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە شاندەکەی یەکگرتووی گوتووە: "حکومەت لە ئاست بەرپرسیارێتی یاسایی و دەستووری خۆیدا دەبێت بۆ [دابینکردنی] پێداویستییەکانی هاووڵاتییان".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا "جەختكرایەوە لەسەر پێویستیی دانانی چارەسەری رادیكاڵانە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا".
د. موسەنا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی لە پەرلەمانی عێراق و بەشداربوو لە کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوونەوەیەکی پڕ زانیاری و راشکاو بوو؛ بینیمیان نیەتێک هەیە هەیە بۆ چارەسەر".