پەرلەمانتارێک: خەڵکی کوردستان دەتوانن فۆڕمی دامەزراندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق پڕبکەنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق وادەی پێشکێشکردنی داواکاریی دامەزراندن لە ریزەکانی پۆلیس راگەیاند، کە کاژێر 12:00ـی ئەمشەو دەکرێتەوە، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دەتوانن فۆڕمی دامەزراندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق پڕ بکەنەوە. 
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رۆژی دووشەممە، 03-07-2023  لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاژێر 12:00ـی ئەمشەو لینکی پێشکێشکردنی داواکاریی دامەزراندن بە گرێبەست لە ریزەکانی پۆلیس لە وەزارەتی ناوخۆ دەکرێتەوە. 
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق داوادەکات تەنیا و تەنیا داواکاری پێشکێشی ئەو لینکە بکەن کە لە ماڵپەڕ و پلاتفۆرمەکانی وەزارەتی ناوخۆ بڵاودەکاتەوە. 
 
بۆ پێشکێشکردن لێرە کلیک بکە
 
رۆژی 2ـی تەممووزى 2023، وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەدا کە لە رۆژی سێشەممە 4ى تەممووزەوە دەرگاى پێشکێشکردنى داواکاریى دامەزراندن بەشێوەى گرێبەست وەکو پۆلیس دەکرێتەوە، کە تاوەکو 7ـى تەممووز بەردەوام دەبێت.
 
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو دامەزراندنانە بەگوێرەى یاساى بودجەى گشتیی کە زیاتر لە 15 هەزار کەس دەگرێتەوە، کە وەکو گرێبەست کار دەکەن بۆ ماوەى سێ ساڵ و مووچەى مانگانەیان 500 هەزار دینار دەبێت.
 
جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق ئەوەشی خستەڕوو، هاونیشتمانییانى هەرێمى کوردستان دەتوانن داواکارى پێشکێش بکەن بۆ ئەو دامەزراندنە، بەڵام دەبێت لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵیى عێراق دەوام بکەن، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەی هەرێمى کوردستان.
 
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق، کە لە 26ى حوزەیران چووە بوارى جێبەجێکردنەوە، نزیکەى 900 هەزار کەسى دیکە وەکو فەرمانبەرى گرێبەست و هەمیشەیی دادەمەزرێندرێن.
 
بەپێی رێنوێنییەکانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، هەر فەرمانبەرێکى گرێبەست دواى تەواوکردنى سێ ساڵى خزمەت، دەکرێتە فەرمانبەرى هەمیشەیی.