یەکەمێکی 12ی ئامادەیی: مۆبایلی زیرەکم نییە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکارناهێنم
رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە یەکەمەکانی قۆناخی 12 ئامادەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی زۆرترین نمرەی بەدەستهێناوە، بەڵام نایەوێت کۆلێژی پزیشکی بخوێنێت، چونکە خولیای پیشەی پزیشکی نییە.
رۆزی یەحیا، کە یەکێکە لە یەکەمەکانی بەشی زانستی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و 698 ی لە کۆی 700 نمرە بەدەستهێناوە، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات گوتی: من تەنیا بیرم لەوە دەکردەوە کە ببمە یەکەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و پلانەکەشم هەر ئەوەبوو یەکەم بم.
رۆزی گوتیشی: "لە هاویندا و پێش دەستپێکردنی وەرزی خوێندن، رۆژانە 4 کاژێر کۆششم لە وانەکاندا دەکرد و پێش تاقیکردنەوەکانیش رۆژانە 12 کاژێر کۆششم دەکرد."
بە گوتەی خۆی، نایەوێت کۆلێژی پزیشکی بخوێنێت و دەڵێت: "نامەوێ ببمە پزیشک و خولیام ئەو بەش و پیشەیە نییە و دەمەوێ بەشی ئەندازیاری تەلارسازیی بخوێنم".
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی راگەیاند، بەهۆی هاوتایی نمرەکانیان لە بەشی زانستی، سێ قوتابی پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا، ئەوانیش رۆزی یەحیا عومەر، شاد شوان مەجید، نمە محەممەد نووری بوون، کە هەرسێکیان کۆنمرەی 698 یان بەدەستهێناوە، رۆزی و شاد لە قوتابخانەکانی سلێمانی و نمەش لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بوو.
"مۆبایلی زیرەکم نییە"
نمە محەممەد نووری، کە یەکێکە لە سێ یەکەمەکەی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا باسی ئەوە دەکات، کە مۆبایلی زیرەکی نییە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکارناهێنێت.
نمە محەممەد دەڵێت: "من پێشتریش مۆبایلی زیرەکم نەبووە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بەکارناهێنم، بۆیە کاتەکانم بۆ کۆششکردن لە وانەکاندا دانابوو و ئەگەر کاتێکیشم هەبوایە بۆ پشوو بە خوێندنەوە بەڕێم دەکرد."
نمە دەڵێت، خولیای منداڵی ئەوە بووە ببێتە پزیشکی مێشک و دەمار "دەمەوێ بەشی پزیشکی بخوێنم و ئاواتی خۆم بەدیبهێنم".
ئەمڕۆ دووشەممە، 3/7/2023 لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئەنجامی خولی یەکەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی) راگەیاند.
هاوکات، بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێش راگەیاندنی ئەنجامەکان لە رێگەی کورتەنامەوە قوتابییە یەکەمەکانی 12ـی ئامادەیی ئاگادارکردووەتەوە و پیرۆزبایی لێکردوون.