لە زاخۆ باوکێک لە کاتی پاککردنەوەی چەکەکەی، کوڕەکەی خۆی کوشت
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی زاخۆ رایگەیاند، درەنگی شەوی رابردوو باوکێک لە کاتی پاککردنەوەی چەکەکەی، کوڕەکەی خۆی کوشتووە.
رۆژی پێنجشەممە، 03ـی تەممووزی 2025، موشیر بەشیر، قایمقامی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شەوی رابردوو کەسێک لە زاخۆ کە پێشمەرگەیە، خەریکی پاککردنەوەی چەکەکەی بووە، لەوکاتەدا سێ بۆ چوار گوللە لە چەکەکەی دەرچوون و بەر کوڕەکەی کەوتوون، کوڕەکەی دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە."
بە گوتەی موشیر بەشیر، ئەو خێزانە دانیشتووی زاخۆن. گوتیشی: "دەرکەوتووە رووداوەکە بەبێ مەبەست بووە، راستەوخۆ دوای رووداوەکە باوکی کوڕەکە خۆی رادەستی پۆلیس کردووە".
بەپێی زانیارییەکانی غەریب مەجید، پەیامنێری رووداو لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کوژراوەکە ناوی جەگەر جەرگیسە و تەمەنی نزیکەی 30 ساڵە، خێزاندارە و منداڵی هەیە.
موقەدەم ئەحمەد رەمەزان، گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ شەوی رابردوو بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئەمڕۆ کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی لەبارەی رووداوەکە دەبێت".