درۆنێک بە دوو مووشەکەوە لە کفری کەوتە خوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
درۆنێک لە سنووری قەزای کفری لە ئیدارەی گەرمیان کەوتە خوارەوە. بەرپرسێکی ئەمنیی دەڵێت: "درۆنەکە دوو مووشەکی هەڵگرتووە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، کاژێر 13:20 لە نزیک ناحیەی کۆکس لە سنووری گەرمیان درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کەوتەخوارەوە.
گوتەبێژی ئاسایشی هەرێم دەشڵێت، تیمەکانی ئاسایش گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە و کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
بەرپرسێکی باڵای ناوچەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "درۆنەکە دوو مووشەکی هەڵگرتبوو و نەتەقیوەتەوە، بۆیە هیچ زیانێکی نەبووە".
بەگوتەی ئەو بەرپرسە کە خۆی چووەتە شوێنی رووداوەکە بۆ لێکۆڵینەوە، درێژی درۆنەکە دوو مەتر و نیو و پانییەکەشی دوو مەترە.
لەبارەی هۆکاری کەوتنەخوارەوەی درۆنەکەشەوە ئەو سەرچاوەیەی رووداو گوتی: "تەنکی بەنزینەکەی هیچ بەنیزینی تێدا نەماوە، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە بەهۆی بێ بەنزینییەوە کەوتووەتەوە خوارەوە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هێزێکی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی سلێمانی چوونەتە شوێنی رووداوەکە و درۆنەکەیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.
لە سێ رۆژی رابردوودا ژمارەیەک رووداوی هاوشێوە روویانداوە، لەنێویاندا لە یەکی تەممووز دوو درۆن لە شاری سلێمانی کەوتنە خوارەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رایدەگەیێنێت، هێشتا بە روونی دیار نییە سەرچاوەی ئەو درۆنانەی هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و عێراق لە کوێوەیە، بەڵام بە "پاشهات"ـی شەڕەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیل ناویان دەبات و دەڵێت، لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەنێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامە.
سەعدی پیرە لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "ئەو جۆرە کردەوانە بێ ناوەڕۆک و بێ ئامانجن. بابەتێکی هەستیارە و ئاسان نییە قسەیەک بکەم و سەرچاوەیەکی دروستم نەبێ." گوتیشی، حکومەتی عێراق هاتووەتە سەر خەت و هاوکارە، "بە لامانەوە گرنگە بزانین کێیە و هەر کاتێک بگەینە ئەنجام، قەرزاری هاووڵاتیانین کە پێیان بڵێین."