رێگەی سەرەکیی هەولێر- کەرکووک کرایەوەو لیژنەیەک بۆ داوای تورکمانەکان پێکهێنرا
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لایەنگرانی بەرەی تورکمانی لە پردێ خۆپێشاندانیان کرد و رێگەی سەرەکی نێوان هەولێر و کەرکووکیان داخست، رێگەکە ئێستا کراوەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سێی تەممووزی 2025، لایەنگرانی بەرەی تورکمانی لە پردێ رژانە سەر شەقام و گرژی کەوتە نێوان خۆپێشدەران و هێزە ئەمنییەکان.
تورکمانەکانی پردێ بۆ زیاتر لە کاژێرێک رێگەی سەرەکی نێوان هەولێر- کەرکووکیان داخست. دواتر هێزە ئەمنییەکان رێگەکەیان کردەوە و لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون لە داوای تورکمانەکان پێکهێندرا.
پۆستەکانی ناحیەی پردێ کشەیان لەسەرە و تاوەکو ئێستا یەکلایی نەکراونەتەوە. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، تورکمانەکان لە کۆی 17 پۆست، 12 پۆستیان لەژێر دەستە.
تورکمانەکان داوای پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەکە دەکەن، بەڵام ئیدارەی کەرکووک ئەمڕۆ داواکەی رەتکردنەوە و گرژییەکی زۆر لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو.