یەکێتیی خانەنشینان: زیاتر لە 20 هەزار خانەنشین حەوت مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان دەڵێت، دۆخی ژیانی خانەنشینان زۆر خراپە و زیاتر لە 20 هەزاریان، حەوت مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.
ئەم ساڵ لەدایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە خانەنشین بوون، کە ژمارەیان گەیشتە زیاتر لە 30 هەزار کەس، زۆرینەیان بەهۆی دواکەوتنی مامەڵەکانیان و دواکەوتنی مووچەوە تاوەکو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە.
سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زیاتر لە 20 هەزار خانەنشین، دوایین مووچەیان لە مانگی 11ـی پار وەرگرتووە. دۆخی ژیانیان زۆر زۆر خراپە و ناکرێت لەوە زیاتر بێ مووچە بکرێن".
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، لەو ژمارەیەی ئەم ساڵ خانەنشین بوون بەشێکیان زوو مامەڵەیان تەواو کرا و مووچەیان بۆ بەسترا و چەند مانگێکیان پێکەوە وەرگرت، بەڵام ژمارەیان زۆر کەم بوو.
سادق شێخ عوسمان دەڵێت: "زۆرینەی خانەنشینانی ئەم ساڵ مانەوە بۆ مانگەکانی پێنج، شەش و حەت، ئەوانیش زۆرینەیان مووچەیان بۆ بەستراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە".
بە گوتەی گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، بەشێکی خانەنشینان پێش بڕیاری خانەنشینبوونیان مووچەیان بۆ هاتووە، بەڵام پێش دابەشکردنەکە بڕیاری خانەنشینبوونیان دەرچووە و مووچەکەیان پێنەدراوە. گوتیشی: "زۆر گرنگە ئەوەی پارەی بۆ هاتووە بۆ یەک مانگیشە حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشی بکات بەسەریاندا، کێشە نییە ناتوانن هەموو مووچەکان بدەن، لانیکەم ئەوەی هاتووە لە رابردوودا دابەشی بکەن".
خانەنشینی سێ ساڵ پێکەوە سەرەتای ئەم ساڵ بوو، سەرەتا دەبوو هەموو مامەڵەکان بچنەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، دواتر دەسەڵات شۆڕکرایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان، سادق شێخ عوسمان دەڵێت: "بڕیارە ئەم مانگە بەستنی مووچە بۆ هەموو خانەنشینانی نوێ تەواو بکرێت".
بە گوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە عێراق، ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵەکانی 1962، 1963 و 1964 لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 312 هەزار خانەنشین هەن، 164 هەزار خانەنشینی شارستانی و 148 هەزاریشیان خانەنشینی سەربازین.