گومرگی سنە: لە دوو مانگدا بایی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار کاڵا هەناردە کراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە دوو مانگدا هەناردەی کاڵا لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە گەیشتووەتە 106 ملیۆن دۆلار.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ی تەمموزی 2025، فەرامەرز ئومێدی، بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی دوو مانگدا زیاتر لە 258 هەزار تۆن کاڵا و شتومەک، کە بایی زیاتر لە 106 ملیۆن دۆلارە لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە هەناردە کراوە.
فەرامەرز ئومێدی گوتی، ئەو کەلوپەلانەی کە هەناردە کراون بریتین لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، ئامێرەکانی کشتوکاڵی، مریشکی بەستوو، هێلکە، کتێب و شیری وشکی منداڵ کە زیاتر بۆ عێراق، ئەفغانستان، سووریا، تورکیا و رووسیا هەناردە کراون.
فەرامەرز ئومێدی ئاماژەی بەوەشکرد، بەشی زۆری هەناردەکردن لە رێگەی دەروازەی سنووری باشماخەوە بووە کە 181 هەزار تۆن کاڵا و شتومەک و بایی 81 ملۆن دۆلار بووە.
پارێزگای سنە 220 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە و دەروازەی سنووری باشماخ و سەیرانبەن، لەنێوان هەردوولادا کراوەن.