سێ رۆژە تورکمانەکانی پردێ لەسەر پۆستێک خۆپێشاندان دەکەن؛ لیژنەی چارەسەرکردن پێکهێندراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بۆ چەند کاژێرێک، گرژی و ئاڵۆزی باڵی بەسەر رێگای سەرەکیی نێوان کەرکووک و هەولێردا کێشا. مانگرتنێکی سێ رۆژەی لایەنگرانی بەرەی تورکمانی و هێزە تورکمانییەکان، گۆڕا بۆ خۆپێشاندان و داخستنی رێگاکە.
 
ئەم هەنگاوە بووە هۆی دروستبوونی قەرەباڵخییەکی زۆر و سەدان هاووڵاتی و شۆفێر بۆ ماوەی زیاتر لە سێ کاژێر لە رێگاکەدا گیریان خوارد. کاریگەرییەکە گەیشتە ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن و بارهەڵگرەکانیش، کە نەگەیشتنە کاتی دیاریکراوی خۆیان.
 
داواکاریی خۆپێشاندەران لە دەوری یەک خاڵ چڕبووەتەوە: وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ (ئاڵتوون کۆپری). ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر داوایان یەکێک لە پۆستە سەرەکییەکانی ناحیەکە بوو لەنێوان پۆلیس و شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی ناحیە.
 
ئەحمەد موڕاد، خۆپێشاندەرە و دەڵێت، "داواکاریی خەڵکی ناحیەی کۆپری، بەڕێوەبەریان دەوێت. بەڕێوەبەریان نییە لێرە، پارێزگار بەڕێوەبەریان پێنادات. دوو جێگر و یەک بەڕێوەبەریان هەیە (مەبەستی ئەوەیە پۆستەکە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت)."
 
لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هاتە سەر هێڵ. لەسەر داوای نوێنەری تورکمان لە ئەنجوومەنەکە، بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ تاوتوێکردنی کێشەکە و دۆزینەوەی چارەسەر.
 
بڕیارە لیژنەکە لە هەفتەی داهاتووەوە دەستبەکار بێت و تاوەکو ئەو کاتە، خۆپێشاندەران گەڕاونەتەوە بۆ شێوازی مانگرتن و رێگاکەیان کردووەتەوە.
 
ئەحمەد رەمزی، ئەندامی فراکسیۆنی تورکمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژە بەوە دەکات، "مانگرتن بەردەوامە. ئاڕاستەمان کردن بگەڕێنەوە شوێنەکەی پێشوویان تاوەکو رێگاکە بکرێتەوە بەڕووی هاونیشتمانیاندا، چونکە ئێمە لێرەین بۆ خزمەتی هاونیشتمانی. داواکاریی سەرەکیمان، چەسپاندنی هاوسەنگییە لە پارێزگای کەرکووک، بە رێژەی 32٪ بۆ هەمووان، تاوەکو مافی خۆیان بەدەست بهێنن. چاومان لەسەر مافی هیچ کەسێک نییە."
 
ئەم خۆپێشاندانە لەکاتێکدایە کە چەند رۆژێک پێش ئێستا، بەڕێوەبەری شارەوانیی پردێ کە سەر بە لایەنە کوردییەکان بوو، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و کەسێکی دیکەی کورد بە شێوەیەکی کاتی لە شوێنی دانرا.
 
لایەنە تورکمانییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پشکیان لە پۆستە ئیدارییەکانی ناحیەکەدا کەمە، لە بەرامبەردا، لایەنە کوردییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەپێی دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان، زۆرینەی دەنگەکانی ناحیەکە هی ئەوانە و پێیانوایە تورکمانەکان بەشێکی بەرچاو لە پۆستەکانیان بەدەستەوەیە.
 
دواتر رێگای کەرکووک - هەولێر کراوەتەوە، بەڵام گرێکوێرەی سیاسیی پردێ هێشتا ماوە و چارەسەری کۆتایی بەستراوەتەوە بە دەرەنجامی کاری لیژنەکەی ئەنجوومەنی پارێزگا.