بەهۆی گەشتیارێکی کوردەوە فڕۆکەیەک بە ناچاری لە رۆمانیا نیشتەوە
رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەیەکی کۆمپانیای فڵای ئەربیل، کە لە هەولێرەوە بۆ هانۆڤەری ئەڵمانیا بەڕێکەوتبوو، بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستیی یەکێک لە گەشتیارەکانی، ناچار بوو لە فرۆکەخانەی بوخارێستی پایتەختی رۆمانیا بنیشێتەوە.
لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای فڵای ئەربیل، رۆژی پێنجشەممە، 3-7-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گەشتەکە شەوی رابردوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو فڕۆکەخانەی هانۆڤەر بەڕێکەوت، بەڵام لە ئاسمانی رۆمانیا، گەشتیارێکی کورد تووشی جەڵتەی دڵ بوو."
بە گوتەی مەموندی، بۆ پاراستنی گیانی گەشتیارەکە، کاپتنی فڕۆکەکە بڕیاری دا لە نزیکترین فڕۆکەخانە کە فڕۆکەخانەی بوخارێست بوو، بنیشێتەوە.
بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی فڵای ئەربیل ئاماژەی بەوەدا دوای نیشتنەوە، تیمە فریاگوزارییەکانی فڕۆکەخانەی بوخارێست بە هاوئاهەنگیی تیمی فڕۆکەکە، گەشتیارەکەیان گەیاندە نەخۆشخانە و ئێستا تەندروستیی جێگیرە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
لاوەند مەموندی گوتی، دوای رووداوەکە فڕۆکەکە درێژەی بە گەشتەکەی داوە بۆ هانۆڤەر، هەرچەندە بەو هۆیەوە نزیکەی دوو کاژێر دواکەوت.