لە کاتی قەدەخەی راوە ماسیدا 124 کەس دەستگیرکراون

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگە رایگەیاند، لە ماوەی قەدەخەکردنی راوە ماسیدا، 124 هاووڵاتی دەستگیرکران. راشیگەیاند: "هەزار و 28 کیلۆ ماسی راوکراو دەستی بەسەردا گیراوە".
 
ساڵانە لە مانگی ئادارەوە تاوەکو مانگی حوزەیران، راوەماسی لە هەرێمی کوردستان قەدەخە دەکرێت، چونکە ئەو ماوەیە وەرزی زاوزێ و دانانی گەرای ماسییە.
 
رۆژی پێنجشەممە، سێی تەممووزی 2025، رائید فوئاد ئەحمەد زراری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە مانگی ئادارەوە تاوەکو 21ـی حوزەیران راوکردنی ماسی لە هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەبوو، بەڵام سەرەڕای چاودێری چڕی تیمەکانی پۆلیسی دارستان، خەڵک هێشتا بەردەوام بوون لە راوکردنی ماسی، کە ئەمەش زیانێکی زۆر بە سامانی ماسی هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت".
 
بە گوتەی رائید فوئاد، لەو ماوەیەدا 124 هاووڵاتی بە تۆمەتی راوکردن دەستگیرکران، هەروەها دەستیش بەسەر چەندین ماسی و کەلوپەلی راوکردندا گیرا، لەوانە 870 تۆڕ، 345 ماسی زیندوو، هەزار و 28 کیلۆ ماسی راوکراو، 17 بەلەم، 12 ئۆتۆمبێل، 12 ماتۆڕسکیل، چەکێکی کلاشینکۆف و 26 فیشەک، دوو چەکی تاپڕ، 131 قولاپ، 18 سەوڵ، چوار کەڵەک، 5 شەداو، 6 چوپ، سێ موەلیدە، یەک مۆبایل، سێ شۆرت وایەر و 830 هەزار دیناری فرۆشتنی ماسی.
 
لەبارەی سزای سەرپێچیکارانەوە رائید فوئاد ئەحمەد گوتی: "بەپێی جۆری ماسییەکە و جۆری راوەکە دەگۆڕێت، ئەوانەی کە دەرمانی قڕکەر یان کارەبا و ماتۆڕ بەکاردەهێنن سزاکانیان قورسترە".
 
ساڵی رابردوو لە 5ـی ئادار، وەرزی قەدەخەکردنی راوەماسی دەستیپێکرد و تاوەکو 15ـی حوزەیرانی 2024 بەردەوام بوو. بەڵام ئەم ساڵ لە 20ـی ئادارەوە دەستیپێکردووە، تاوەکو 20ـی حوزەیرانی 2025 بەردەوام  بوو.
 
بەگوێرەی ئاماری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی ماسی لە هەرێمی کوردستان 9 هەزار تۆنە، بەڵام خواستی ساڵانە دەگاتە 12 هەزار تۆن، ئەوەی دەمێنێتەوە هاوردە دەکرێت و زۆربەشی لە ئێرانەوە دەهێندرێت.