گوتەبێژی بابە شێخ: داعش دەستدرێژییان كردووەتە سەر ژنانی ئێزدی


رووداو – هەولێر

هادی بابەشێخ گوتەبێژی  سەرۆكی جڤاتی رۆحانیی ئێزدییان و مەرجەعی باڵای ئێزدییەكانی جیهان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دوایین رەوشی ئێزدییەكانی شنگالی بۆ رووداو باسكرد.

ئەو جەختیكردەوە كە رەوشی ئێزدییەكانی شنگال لە ئاستێكی خراپدایە و داوایكرد بەزوویی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هانایانەوە بچن ‌و گوتی "تادێت رەوشمان خراپتر دەبێت".

هادی بابەشێخ گوتی "لە شنگال چەكدارانی داعش دەستیانكردووە بە كوشتنی پیاوانی ئێزدی و ژنەكانیان دەبەن". گوتیشی "دەستدرێژیی كراوەتە سەر چەندین ژنی ئێزدی".

ئەمڕۆ بابەشێخ خرتۆ، سەرۆكی جڤاتی رۆحانیی ئێزدییان و مەرجەعی باڵای ئێزدییەكانی جیهان، لەگەڵ كۆنسوڵی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر كۆبووەتەوە و داوای لێكردوون بەهانای ئێزدییەكانی دەڤەری شنگال و دەوروبەرییەوە بچن. گوتەبێژەكەشی گوتی "بەریتانیا بەڵێنی داوە هاوكاریمان بكات". بڕیاریشە ئەمشەو مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بابەشێخ كۆببنەوە.