چیرۆکی کوردێکی ئێزدی؛ دایک، باوک و پێنج خوشک و برای لەدەستداوە


رووداو - دهۆک

خێری خدر، تاقانەی ماڵەوەیە و لە پرۆسەی ئەنفالی 1988دا رزگاری بووە. لەنێو دایک و باوک و سێ خوشک و دوو برا، تەنیا خۆی رزگاری بووە و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی 34 ساڵە بێسەروشوێنن.
 
خێری خدر، ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و چوار منداڵی هەیە، باس لەوە دەکات کە لەدەستدانی ئەندامانی خێزانەکەی و نەبوونی هیچ هەواڵێک لەبارەی چارەنووسیانەوە، ئەوی لە زۆرینەی خۆشییەکانی منداڵی بێبەش کردووە.
 
خەیری خدر، تاقانەی ئەنفال بە رووداوی گوت، "باوکم لە دەڤەری شاریا پێشمەرگە بوو، لەبەر حیزبی بەعس هەڵاتبووین، مامم هاتە ماڵمان و بە دایکمی گوت: با خەیری و هەردوو خوشکەکەی لەگەڵ من بێن دەیانبەمە شنگال. دایکیشم گوتی نا، تەنیا خەیری لەگەڵ خۆت ببە، من چوومە ئەوێ و ئەنفال دروستبوو، ئیدی هیچ شتێک لەبارەیانەوە نازانم."
 
خەیری لە تەمەنی حەوت ساڵیدا شەش کەسی لە نزیکترینەکانی لەدەستدا و ناشزانێت چارەنووسیان چییە و مردوون یان ماون، ئەو 34 ساڵە چاوەڕێیە و دەڵێت، هێشتا بە تەوای بێ ئومێد نەبووە.
 
خەیری خدر، تاقانەی ئەنفال هەروەها باسی لەوەش کرد، "دایک و باوک و خوشک و براکانم ئەمە 34 ساڵە ئەنفالکراون، لاساییکردنەوەی ئێمە وایە کە لە هەموو بۆنەیەکدا دەچینە سەر گۆڕی کەسوکارەکانمان، بەڵام من ئەویشم نییە [گۆڕیان نییە]، بەڵام ئیشاڵلا بێهیوا نابم و جارێکی دیکە دەستمان بەیەک دەگاتەوە."
 
ئەو رزگاربووەی ئەنفالی ئێزدییەکان ئێستا لەگەڵ کەسوکارەکەی بەهۆی هێرشی داعشەوە ئاوارە بووە و، لەنێو کەمپێکدا لە سنووری پارێزگای دهۆک نیشتەجێیە، ئاماژە بەوەش دەکات کە لەتەمەنی خۆیدا دووجار رووبەڕووی ئاوارەیی و کۆمەڵکوژیی بووەتەوە.