ئەیوب رەشید عەلی نسری، ساڵی 1976 لە گوندی (نسرا) لە قەزای شێخان لەدایكبووە. لەساڵی 1988 گوندەكەیان لەچوارچێوەی شاڵاوەكانی ئەنفالدا وێرانكراوە و راگوێزراون بۆ كۆمەڵگەی زۆرەملێی جێژنیكان لە پارێزگای هەولێر. لەكاتی راپەڕینی 1991دا بریندار بووە، دەرچووی ئامادەییە. خێزاندارە و باوكی چوار منداڵە.
لە ساڵی 2004 یەكێكبووە لە دامەزرێنەرانی سەنتەری ئەنفال لە دهۆك و بووەتە جێگری بەرپرسی سەنتەرەكە، بەشدارییەكی كارای هەبووە لە رێكخستنی بەڵگەنامەكانی كەیسی دادگاییكردنی تۆمەتبارانی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق.
لە ساڵی 1996 دەستی بە كاری راگەیاندن كردووە لە رۆژنامەی پەیمان و گۆڤاری گازی، لە دهۆك بووەتە پەیامنێر. دوای ئەوەش وەك پەیامنێر و ئەندامی دەستەی نووسەران لە رۆژنامەی ئەڤرۆ، رۆژا نوو، گۆڤاری سنێلە و كورد زووم كاریكردووە. هەروەها چەند بەرنامەیەكی بەڵگەنامەیی لە تەلەڤزیۆنی دهۆك و رادیوی دهۆك ئامادە و پێشكێشكردووە. دوو دیوانە شیعری چاپكراوی هەیە بە ناوەكانی (ئاڤابوون) و (سەما مرنێ).