سەرۆکی ئیمارات لە یادی کۆمەڵکوژیی شنگال: بەبیرهێنانەوەیەکی گرنگە بۆ برەودان بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە


رووداو دیجیتاڵ

شێخ محه‌ممه‌د بن زايد ئال نه‌هيان، سه‌رۆكى ئيمارات لە یادی نۆ ساڵەی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەبیرهێنانەوەیەکی گرنگە بۆ برەودان بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 3ـی ئابی 2023، محەممەد بن زاید پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و دەڵێت، "نۆیەمین ساڵیادی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش کە دژ بە ئێزدییەکان و عێراقییەکان ئەنجامدرا، بەبیرهێنانەوەیەکی گرنگە بۆ برەودان بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و رەتکردنەوەی هەموو جۆرەکانی جیاکاری لەسەر بنەمای ئایین و مەزهەب یاخود نەژاد." 
 
لە هێرشی داعش بۆسەر شنگال لە ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد و هەزاران کەسیشی رفاند. تاوەکو ئێستا 2713 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن کە 1270 کەسیان ژن و 1443 کەسیان پیاون.
 
لە هێرشەکەی 3ـی ئابی 2014ـی داعشدا، تەنیا شوێن ئێزدییەکان هانایان بۆ برد چیای شنگال بوو؛ ئەوانەی لە شەڕەکە هەڵاتن روویان کردە چیای شنگال؛ دواتر لەوێوە خۆیان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و پاشان زۆرینەیان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان روویانکردە وڵاتانی دەرەوە.
 
بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارەبوون؛ بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکان، بەهۆی هێرشی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون. 
 
لە هێرشەکەدا نزیکەی پێنج هەزار کەس کوژراون و دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون. هەروەها شەش هەزار و 417 ئێزدی رفێندران، لە ژمارەیە سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ بوون و دوو هەزار و 869 کەسیش لە رەگەزی نێربوون؛ تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 554 کەسیان ئازادکراون، کە لەنێویدا هەزار و 207 ژن، 339ی پیاو، هەزار و 51 منداڵی کچ و 957 منداڵی کوڕ هەن. 
 
دوای هێرشەکانی داعش تاوەکو ئێستا، 83 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکە کەسیی ئێزدییەکان لە شنگال و دەورووبەری دۆزراونەتەوە.