ئاسایشی هەرێمی کوردستان: دوو تیرۆریستی داعش لە سلێمانی و خانەقین دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی "دوو تیرۆریستی داعش" رادەگەیێنێت و دەڵێت، یەکێکیان لەنزیک خانەقین بە هاوکاریی ئاسایشی گەرمیان و ئەوی دیکەشیان بە هاوکاریی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکراون.
لە راگەیێندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، دوای بەدەستگەیشتنی زانیاریی هەواڵگری لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی عێراق، "لەسەر دوو داواکراوی ماددەی 4ی تیرۆر، دەستبەجێ دەستکرا بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد و زانیاری بەدەستهات لەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی داواکراوان، دوو ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوو بۆ دەستگیرکردنیان ئەنجامدرا."
لە چالاکیی یەکەمدا، وەکو ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێداوە، رۆژی 24-07-2023 هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایش بەهاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان، داواکراو (م. م. گ) "کە لە باخێکدا لەنزیک (قەزای خانەقین) بەبێ ئاگاداریی دەزگا ئەمنییەکان خۆی حەشاردابوو، دەستگیرکرا."
هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایش لە چالاکی دووەمیاندا، لە رۆژی 27-07-2023 بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی، داواکراو (ح. م. ص) "کە ئامر مەفرەزەی داعش بووە،" دەستگیرکرا.
بەپێی راگەیێندراوەکە، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، داواکراوان بە ماددەی 4ی تیرۆر رادەستی یاسا کران.