وەزارەتی بازرگانی: دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە عێراق خۆیان لە فۆڕمی خۆراک تۆمار کردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە دانیشتووانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق زیاتر بەشداربوون لە خۆتۆمارکردن بۆ فۆڕمی خۆراک.
ئەمڕۆ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستانی رایگەیاند: "رێژەی بەشداریی لە هەرێمی کوردستان بە گشتی 87% بووە. لە هەڵەبجە 88%ـی تێپەڕاندووە، لە سلێمانی زیاتر لە 83%، هەولێر زیاتر لە 84% و دهۆکیش 79%ـی تێپەڕاندووە".
دوێنێ وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، خۆتۆمارکردن لە فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراک بۆ 25ـی ئاب درێژکراوەتەوە و دوایین وادە دەبێت.
ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی گوت: "ئەو هاونیشتمانییانەی بە هۆکاری نەزانین خۆیان تۆمار نەکردووە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکان بکەن، تۆمار دەکرێن".
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە سلێمانی گوتی، بەهۆی بڕیاری درێژکردنەوەی تۆمارکردن رێژەی تۆماری هاونیشتمانییان بەرزدەبێتەوە. گوتیشی: "ئێستاش خەڵک رۆژانە سەردانمان دەکەن بۆ تۆمارکردن".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، "پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی زۆر زیاتر بەشدارییان لەم پرۆسە کردووە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق".
زیاتر لە دوو ساڵە تۆمارکردنی ناوی منداڵی تازەلەدایکبوو راگیراوە. بڕیارە دوای کۆتاییهاتنی تۆمارکردن، هەموو خزمەتگوزارییەکانی فۆرمی خۆراک بکرێتەوە، لە تۆماری منداڵ، گواستنەوەی فۆڕم یان فۆرم بۆ خێزانی نوێ.
پسوولەی ئێستای خۆراک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1996، بۆیە حکومەتی عێراق بڕیاریدا گۆڕانکاری تێدا بکات. گۆڕانکارییەکە لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکەوەیە کە زانیارییەکان بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی تۆمار دەکات.
مانگانە لە رێگەی فۆڕمی خۆراکەوە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس، لە پارێزگای هەولێر ملیۆنێک و 984 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.