دوای 11 ساڵ لە کۆمەڵکوژیی شنگال؛ زیاتر لە 325 هەزار کوردی ئێزدی لە ئاوارەییدا دەژین
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ 11 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان لە شنگال و دەوروبەری تێدەپەڕێت. بەگوێرەی دوایین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش بۆ رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 2500 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن و دەیان هەزاریشیان کۆچبەر و ئاوارەن.
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، کە سەر بە نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە: "زۆرینەی کوردانی ئێزدی ئێستاش لە ئاوارەییدا دەژین و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵی پێشوویان".
بەگوێرەی ئامارەکە، "تاوەکو ئەمڕۆ 325 هەزار و 197 کوردی ئێزدی لە کەمپەکان یان ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستاندان. هەروەها ژمارەی ئاوارە ئێزدییەکان کە ئێستا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن 135 هەزار و 860 کەسن".
ئامارەکانی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش فەرمین و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە باوەڕپێکراون.
لەدوای نەمانی دەسەڵاتی داعشەوە تاوەکو ئەمڕۆ، 93 گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی دۆزرانەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی تاکەکەسی.
لە هێرشی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە 03ـی ئابی 2014، شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، سێ هەزار و 548 نێر و دوو هەزار و 869 مێ.
لە ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش هاتووە: "ئەوانەی تاوەکو ئەمڕۆ رزگارکراون 3 هەزار و 590 کەسن؛ هەزار و 211 ژن و 339 پیاو؛ هەزار و 76 کچی منداڵ و 964 کوڕی منداڵ".
بەگوێرەی ئاماری ئەو نووسینگەیە، تاوەکو ئەمڕۆ "تەرمی 274 شەهید دۆزرانەوەتەوە کە لەکاتی هێرشی داعشدا رفێندرابوون؛ 237 نێر و 37 مێ".
ئامارەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، تاوەکو ئەمڕۆ دوو هەزار و 553 کەس لە کوردانی ئێزدی بێسەروشوێنن، کە هەزار و 329 نێر و هەزار و 224 مێن.
جگە لە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، چەکدارانی داعش 68 مەزار و شوێنی پیرۆزی کوردانی ئێزدییان تەقاندەوە.
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال لە 3ی ئابی ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و 6 هەزار و 417 کەسیشی رفاند.
1090 رفێندراو دوای رزگاربوونیان، کە پێویستیان بە چارەسەری دەروونی بووە و لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدا کە رێککەوتنێکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا بوو لە ساڵی 2015، نێردرانە ئەو وڵاتە بۆ چارەسەر.
لەدوای ئەو رێککەوتنەشەوە، ژمارەیەکی دیکە لە رزگارکراوان لە رێگەی رێکخراوە مرۆییەکانەوە چوونەتە وڵاتانی کەنەدا، ئەمریکا و ئوسترالیا.
بەگوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، "ئەوانەی بۆ چارەسەری دەروونی دەچنە وڵاتانی دەرەوە، بۆ گەڕانەوە یان مانەوەیان لەو وڵاتە ئازادن، بیانەوێت دەگەڕێنەوە و نەیانەوێت دەمێننەوە."
لە هێرشی چەکدارانی داعشدا لە شنگال، 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران.