ئومێد خۆشناو: پۆلیسی هەولێر لە شەش مانگ دا 702 تۆمەتباری دەستگیرکردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزگاری هەولێر دەڵێ، لە شەش مانگی رابردوودا 702 تۆمەتبار لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیرکراون. سەرچاوەیەکیش لە پۆلیسی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات: "تۆمەتبارەکان بە چەندین جۆری تاوان تۆمەتبار بوون؛ بەشی زۆریان دزیکردن بووە."
 
رۆژی یەکشەممە، 03ـی ئابی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە شەش مانگى رابردوودا لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسى هەولێرەوە زۆرترین داواکراو لە رێگەى سیستمى بەدواداچوون و دەستگیرکردنى تۆمەتباران، کە ژمارەیان ( 702تۆمەتبار)ە، دەستگیرکراون".
 
ئومێد خۆشناو دەستخۆشی لە پۆلیسی هەولێر دەکات و دەڵێ: "وێڕاى دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و ئەفسەر و پلەدارانى بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسى هەولێر بەگشتی لە بەرامبەر راپەڕاندنى ئەرک و کارەکانیان، جارێکى دیکە جەخت لەسەر گرنگی رۆڵی پۆلیس دەکەینەوە لە بەرقەرارکردنی یاسا و پاراستنی سەر و ماڵ و گیانی هاووڵاتیان، هەروەها رۆڵیان لە جێبەجێکردن و بەرقەراکردنى یاسا، بەرزنر دەنرخێنین و هیوای سەرکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازین".
 
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هەولێر دەڵێت: "ئەو تۆمەتبارانە بە تۆمەتی ئەنجامدانی چەندین جۆری تاوان دەستگیرکراون، لەوانە کوشتن، دزیکردن، مادەی هۆشبەر، فێڵکردن لە هاووڵاتییان و ساخکردنەوەی پارەی ساختە، بەڵام زۆرترینیان لەسەر دزیکردن بووە."