دابەزینی دۆلار و دواکەوتنی مووچە؛ دوو هۆکاری سەرەکیی سستبوونی بازاڕی زێڕ


رووداو دیجیتاڵ

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان داناوە و بازاڕی زێڕنگەرانی سست کردووە. 
 
بە گوتەی خاوەن کارگە و زێڕنگەران، بەرهەمهێنانی زێڕی ناوخۆ و هاوردەکردنیشی بەڕێژەی 50% دابەزیوە و تەنانەت بووەتە هۆی دواخستنی پرۆسەی هاوسەرگیری بۆ گەنجان.
 
یەکێک لە کارگەکانی توانەوە و داڕشتنەوەی زێڕ لە سلێمانی، کە بازن، مستیلە و ملوانکە بە کوالێتییەکی بەرز بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ بەرهەم دەهێنێت، بەهۆی گرانبوونی نرخەوە بەرهەمهێنانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
 
پەیوەند مارف، خاوەنی کارگەی زێڕ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گرانبوونی نرخی زێڕ کاریگەریی زۆری لەسەر ئیشی ئێمە هەبووە. جاران لە یەک مانگدا 15 بۆ 20 کیلۆ زێڕمان دروست دەکرد، بەڵام ئێستا کەم بووەتەوە بۆ 5 کیلۆ."
 
ئەم سستبوونە تەنها لە کارگەکاندا نییە، بەڵکو بازاڕی زێڕنگەرانی سلێمانیشی گرتووەتەوە. کاسبکاران دەڵێن، مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخ و دواکەوتنی مووچەوە نزیک بووەتەوە لە سفر. کاریگەرییەکە ئەوەندە قووڵە کە پرۆسەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینیی گەنجانیشی ئاڵۆز کردووە.
 
بەهات ساڵح، کە مامۆستایە و بۆ کڕینی زێڕ رووی لە بازاڕ کردووە، دەڵێت: "گرانبوونی نرخی ئاڵتوون ژیانی هاوژینیی منی زۆر دواخستووە."
 
زێڕنگەران هۆکاری گرانبوونەکە تەنها بۆ ئابووریی ناوخۆیی ناگەڕێننەوە، بەڵکو پەیوەستیشی دەکەن بە سیاسەتی جیهانییەوە. رزگار ساڵح، زێڕنگەر، پێیوایە: "هۆکاری گرانبوونی نرخی زێڕ سیاسییە و لێدوانی سەرۆکە زلهێزەکانیش کاریگەریی هەیە، بەتایبەت لێدوانەکانی ترەمپ."
 
هاوکات پسپۆڕێکی بازاڕە داراییەکان پێشبینیی بەرزبوونەوەی زیاتر دەکات. کاروان فەتحی، دابەزینی بەهای دۆلار بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەزانێت و دەڵێت، "دوور نییە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بگاتە 4000 دۆلار."
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پێوانەسازی و کۆنتڕۆڵی جۆری، لە ساڵی 2024دا، 12,426 کیلۆگرام زێڕ هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە. سەندیکای زێڕنگەرانیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە، بەهۆی گرانیی نرخ و کەمیی خواست لەسەری، هاوردەکردنی زێڕ بۆ نزیکەی 50% دابەزیوە.