قەدەخەی هاتووچۆ لە 5 ناوچەی شرنەخ راگەیێندرا
رووداو دیجیتاڵ
چوونی خەڵک بۆ 5 ناوچەی پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان بۆ 9 رۆژ قەدەخەکرا. قەدەخەکردنەکە بەپێی یاسای سەربازی راگەیێندرا.
پارێزگەی شرنەخ راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دیلەکیۆڵو، توزلوجا، ئایرانجی، چاغڵیجا و زنجیرە چیاکانی ئینجەبەللی سەر بە قەزای بەیتوشەبابی وەک "ناوچەی ئەمنیی تایبەت" راگەیاند و بۆ 9 رۆژ چوون و هاتنی خەڵک بۆیان قەدەخەیە.
بڕیاری قەدەخەکردنەکە لە رۆژی 4ـی ئابی 2025 دەستپێدەکات و تاوەکو 12ی ئابی 2025 بەردەوام دەبێت.
پارێزگەی شرنەخ دەڵێت، بە مەبەستی "پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، دەستەبەرکردنی سەلامەتی گشتی، رێگری لە تاوان و پاراستنی ماف و ئازادییەکان"، ئەو شوێنانە وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت راگەیێندراون و داوای لە خەڵکیش کرد پابەندی بڕیارەکە بن و سەردانی ئەو ناوچانە نەکەن.
پار 11 جار قەدەخەی ناوچەی ئەمنی تایبەت لە شرنەخ راگەیێندران.