سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئایەتوڵڵا محەممەد حەکیم دەکات


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئایەتوڵڵا محەممەد حەکیم دەکات و رایدەگەیێنێت، "پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی جیهانی ئیسلام و گەورە مەرجەعەكان و خانەوادەی بەڕێزی حەكیم دەكەین."
 
ئەمڕۆ هەینی 03-09-2021 ئایەتوڵڵا محەممەد سەعید حەکیم، دووەم گەورەترین مەرجەعی شیعە لە عێراق بەهۆی جەڵتەی دڵ لە تەمەنی 87 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
بارەگای بارزانی لە پەڕەی فەیسبووکی خۆیان پەیامی سەرۆک بارزانی بڵاکردەوە و رایگەیاند، "لە خودای گەورە داواكارین سەبر و ئارامیان پێ ببەخشێت و ڕۆحی خوالێخۆشبوو بباتە بەر ڕەحمەتی خۆی و بە بەهەشتی بەرین شادی بكات."
 
ئایەتوڵڵا محەممەد سەعید حەکیم لە نەجەف حەوزەیەکی هەیە بۆ پێگەیاندنی قوتابی لەسەر پەیڕەوی ئایینزای شیعە و بە گوتەی محەممەد کرباسی، یەکێک لە قوتابیانی حەوزەی نەجەف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆش محەممەد سەعید وانەی بە قوتابییەکانی گوتووەتەوە و کتوپڕ بەهۆی جەڵتەوە گیانی لەدەستداوە. 
 
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:
 
بە داخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی مەرجەعی پایەبەرزی ئایینی ئایەتولڵا عوزما (سەید محەمەد سەعید حەكیم)ـمان پێگەیشت. پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی جیهانی ئیسلام و گەورە مەرجەعەكان و خانەوادەی بەڕێزی حەكیم دەكەین.
لە خودای گەورە داواكارین سەبر و ئارامیان پێ ببەخشێت و ڕۆحی خوالێخۆشبوو بباتە بەر ڕەحمەتی خۆی و بە بەهەشتی بەرین شادی بكات.
انا للە و انا الیە راجعون
مسعود بارزانی