گوتەبێژی پۆلیس: دادگەى کەرکووک بڕیارێک لە بارەى تەقەکەرەکانی خۆپێشاندانەکان دەردەکات
رووداو دیجیتاڵ
دادگەى کەرکووک بڕیارێک لەبارەى ئەو کەسانەوە دەردەکات کە تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە. گوتەبێژى پۆلیسی شارەکەش دەڵێت، ئەوانەى گیانیان لەدەستداوە وەک شەهید هەژمار دەکرێن.
3ـی ئەیلوولی 2023، عامر شوانى، گوتەبێژى پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "دادگەى کەرکووک بڕیاریداوە رێوشوێن دژى ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە بەهۆى تەقەکردنیانەوە، خۆپێشاندەران گیانیان لەدەستداوە و بەگوێرەى مادەى 405 دەستگیربکرێن."
بەهۆى دروستبوونى ئاڵۆزى لە کەرکووک دژى داخستنى رێگەى هەولێر - کەرکووک، 2ـی ئەیلوول ژمارەیەک لە هاونیشتیمانى لە کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد و چوار خۆپێشاندەر بە گوللە گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش برینداربوون.
مادەى 405ـی یاسای سزادانى عێراقى، کە بەگوتەی گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئەوکەسانەی پێ دەستگیردەکرێت، کە تەقەیان لە خۆپێشاندەرەکان کردووە و کوشتوویانن، تایبەتە بە تاوانی کوشتنى بەمەبەست و سزاکەى دەگاتە بەندکردنى تاهەتایی.
عامر شوانى رایگەیاند، کەسوکارى ئەو کەسانەى کوژراون، سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام تەقەکەرەکان دیار نین.
لە 27ـی ئابی 2023ـوە بەشێک لە عەرەبی کەرکووک رێگەی سەرەکی شارەکەیان لەگەڵ هەولێر داخست. ئەوان دژى رادەستکردنەوەى بارەگاى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستانن لەو شارە، کە ئێستا بارەگاى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووکە.
گوتەبێژى پۆلیسی کەرکووک ئاماژەى بەوەشدا کە لەدواى تەواوکردنى رێکارەکان لە پۆلیسی رەحیماوا، زیانلێکەوتووانى ئەو رووداوانە قەرەبوو دەکرێنەوە و ئەوانەشی گیانیان لەدەستداوە وەک شەهید مووچەى شەهیدانەیان بۆ دەبڕدرێتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە 3ى ئەیلوولى 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بەشێوەیەکى کاتى ئەو فەرمانەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رابگرێت کە بۆ رادەستکردنەوەى ئەو بارەگایەى پارتى دەریکردووە.