هێزێکی زۆر لە گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک جێگیرکراون
رووداو دیجیتاڵ
هێزێکی زۆر لەنێو گەڕەکە کوردییەکانی شاری کەرکووکدا بڵاوەیان پێکراوە کە پێکهاتوون لە دژەتیرۆری عێراق، سوپا و پۆلیس. گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، هێزەکان بۆ پاراستنی ژیانی خەڵکە و ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ کەس دروست ناکەن.
بەهۆی ئاڵۆزییەکانی دوێنێی کەرکووکەوە 24 کاژێر قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرا و بەیانی ئەمڕۆ قەدەخەکە لابرا، بەڵام هێزە ئەمنییەکان هێشتا لە گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک ماون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئەیلوول، موقەدەم عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێزەکانی دژەتیرۆر، سوپا و پۆلیسی کەرکووک لە چەند گەڕەکێکدا ماون".
گوتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەکرد، هەبوونی هێزەکان "بۆ پاراستنی ژیانی خەڵکی ناوچەکەیە و بۆ ئەوەیە هیچ کەسێک لەژێر هیچ ناوێکدا دژی دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە دۆخەکە نەقۆزێتەوە".
هاونیشتمانییەک لە رەحیماوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەموو سەر کۆڵانەکان بە هێزی ئەمنی تەندراون و گیراون. لەمبارەیەوە عامر شوانی جەختی کردەوە، "هێزەکان ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ کەس دروست ناکەن و ئامانجیان تەنیا پاراستنی خەڵکە".
کاژێر 05:00ـی ئێوارەی دوێنێ دژی داخستنی رێگەی کەرکووک – هەولێر لەلایەن هەندێک عەرەب و تورکمانی دانیشتووی کەرکووکەوە، بەشێک لە کوردانی دانیشتووی ئەو شارە خۆپێشاندانیان کرد، هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک لە مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕەزایی خەڵکدا جیاکارییان کرد و وەڵامی خۆپێشاندەرانی کوردیان بە گوللە دایەوە.
عامر شوانی گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیای رووداوی گوت، "بەگوێرەی دوایین ئاماری بەردەستمان، دوێنێ چوار کەس کوژراون و 15 کەسی دیکەش بریندار بوون".
لە 27ـی ئابەوە بەشێکی عەرەبی کەرکووک رێگەی سەرەکی شارەکەیان و هەولێریان داخستبوو، لەسەر رێگەکە چادریان هەڵدابوو پاساویان ئەوەبوو کە دژی گێڕانەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانن لە کەرکووک، کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.