بریکارێکی دابەشکردنی خۆراک: فەردەی برنجی 25 کیلۆییمان بۆ هاتووە 24 کیلۆی تێدایە
رووداو دیجیتاڵ
بریکارێکی خۆراک لە شاری هەولێر دەڵێت، فەردەی برنجی 25 کیلۆییان وەرگرتووە 24 کیلۆیی تێیدایە و زیانمەندبوون. بەڕێوەبەری دابەشکاری خۆراکی هەولێریش دەڵێت، برنج لە هاویندا کێشی کەم دەکات و بریکارەکان قەرەبوو وەردەگرن. دەشڵێت، لەم هەفتەیەدا بەشەخۆراکی مانگی ئاب دابەش دەکرێت.
عەرەفات نەبی، دابەشکاری خۆراک لە ناحیەی کەورگۆسک لە پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو مانگە فەردەی برنجی 25 کیلۆیی وەردەگیرین 24 کیلۆی تێدایە، ئێمەش کە دابەشی دەکەین کەمە و دەبێت خۆمان بیکڕینەوە و بیدەینە هاونیشتمانیان، بەوەش زیانمەندبووین".
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "برنج کاتێک لە کەشتیدا بار دەکرێت و دەهێندرێتە عێراق 25 کیلۆی تێدایە، بەڵام بە سرووشتیی لە هاویندا کەمێک کەم دەکات تاوەکو دەگاتە دەستی بریکاری دابەشکردن، بۆ ئەوەش 2% قەرەبوو دەکرێنەوە، واتا کاتێک 100 کیلۆ برنج بۆ دابەشکردن وەردەگرن 2 کیلۆ زیادە وەردەگرن؛ بۆ مانگی ئاب بۆ 3% زیاد دەکرێت."
بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو برنجەی باس دەکرێت و دەگوترێت کەمە، هەمان فەردە و بە هەمان شێواز لە تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراقدا دابەش دەکرێت نەوەکو تەنیا هەولێر.
لەبارەی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی ئابەوە، دلێر عەبدولواحید گوتی، لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیەدا دەستدەکەن بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی ئاب.