ڤیدیۆ.. پەیامی نوێی ئیسماعیل سووسەیی دوای ئازادکردنی


رووداو دیجیتاڵ 

لەدوای ئازادکردنی، ئیسماعیل سووسەیی بە رووداوی راگەیاند، تەندروستیی باشە و لە زیندان لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە خۆی پاراستووە.
 
مامۆستا ئیسماعیل سووسەیی دوای ئازادبوونی لە زیندان، گەڕایەوە بۆ لای دوو هاوژین و منداڵەکانی و کەسوکاری، لە ماڵەکەی خۆی قسەی بۆ رووداو کرد، باسی دۆخی خۆی لە زیندان، رەوشی زیندانەکان و ئەزموونی خۆی لە ماوەی زیندانیکردنیدا کرد. 
 
لەبارەی کاردانەوەی لەوکاتەی هەواڵەکەیان پێی گوتووە کە بە بڕیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئازاد دەکرێت، ئیسماعیل سووسەیی گوتی، "ئێمە لەبەرئەوەی میراتگری پێغەمبەرین، چاوەڕوانی لێبووردنی خودای گەورەین... ئەوەمان بە فەزڵ و منەتی خودا زانی، سوپاسی خودامان کرد، دواتریش سوپاسی خەڵک، چونکە ئەوەی سوپاسی خەڵک نەکات، سوپاسی خوداش ناکات، ئیدی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بیگرە تاوەکو کۆتاییەکەی سوپاسمان کردن."
 
لە مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەمی ساڵی 2019دا، دادگەی تاوانی دووی هەولێر لە دوو دۆسیە، دوو جار مەلا ئیسماعیل سووسەیی سزا دا کە سزاکەی 12 ساڵ زیندانی بوو. تۆمەتەکەی کە بەسەریدا ساخببووەوە و بەهۆیەوە شەش ساڵ زیندانی کرا، "بەیعەتدان بوو بە داعش."
 
لە باسی دۆخی تەندروستیی خۆیدا، ئیسماعیل سووسەیی باسی لەوە کرد، "تەندروستیم زۆر تەواوە و زۆر باشە، هەموو باشییەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ قورئان و فەرموودە... قورئان و فەرموودەمان پەیڕەو کردووە و ئاوامان لێدەرچووە... بە ئومێدەوە دەژیاین بۆیە زۆر کاری لێمان نەکرد."
 
ئیسماعیل سووسەیی ئاماژەی بەوەشکرد، لە زیندان ئازادییەکانت تەسک دەبنەوە، بۆیە تاوەکو خۆت رادەهێنی، کەمێک کاتی دەوێت. گوتیشی، "کاتێک پشت بە خودا ببەستی، ئاسانتر دەبێت." 
 
ئەو مامۆستا ئایینییە باسی دۆخی زیندانەکانی کرد و گوتی، "ئێجگار پڕن" و خەڵکێکی زۆریان تێدایە، بۆیە داوای لە دەسەڵاتداران کرد بەردەوام بن لە پێدانی لێبووردنی گشتی. 
 
لەبارەی ئەوەی کە لە ئاسایش و دادگە لەسەر ئازادکردنەکەیان چییان پێگوتووە، ئیسماعیل سووسەیی گوتی، "شتێکی ئەوتۆیان پێنەگووتم... لەبەرئەوەی کەسایەتیەک و میراتگری پێغەمبەرین، رێزیان لێماننا."