بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان: تائێستا هیچ بەربژێرێک رەتنەکراوەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تائێستا هیچ بەربژێرێکی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رەتنەکراوەتەوە و هەموو سندووقەکانی دەنگدانیش دوای دەرچوونی ئەنجامی ئەلیکترۆنی، جارێکی دیکە دەنگەکان بە دەست دەژمێردرێنەوە.
 
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "هەموو ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە و راهێنانەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ بەکارهێنانی سیستمەکە بە شێوەیەکی دروست."
 
"سیستمی پارێزراو"
 
لە بەشێکی گوتەکانیدا بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق باسی لە پارێزراویی سیستمی ئەلیکترۆنی کرد و گوتی، "سیستمەکە بە تەواوی پێشکەوتوو و پارێزراوە، هیچ کەسێک و تەنانەت کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش نازانێت دەنگدەر دەنگی بە چ لیست و بەربژێرێک داوە و نهێنیی دەنگدەر بە تەواوی پارێزراوە تێیدا."
 
ئەو بەرپرسە زیاتر روونیکردەوە و گوتیشی، "دەنگدەر کاتێک لە رێگەی کارتی بایۆمەتریی دەنگدانەوە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی خۆی دەسەلمێنێت و پەنجەمۆری وەردەگیرێت، کارتێکی دەنگدان کە کۆدی تایبەتی لەسەرە، بە سندووقی دەنگدان ئاشنا دەکرێت و کاتێک دەنگدەر لە وێستگەی دەنگدان دەنگ بە لیست و بەربژێرەکان دەدات و کارتەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ سندووقی دەنگدان، ئەگەر هەمان کۆدی ئاشناکراو نەبێت و کارتەکە گۆڕدرابێت، ئەوا سندووقەکە رەتیدەکاتەوە و رێگە بە چوونەناوەوەی کارتەکە نادات."
 
 
بە گوتەی نەبەرد عومەر، سیستمەکە هیچ کەلێنێکی تێدا نییە تاوەکو لایانێک یان کەسێک بزانێت دەنگدەر دەنگی بە چ لیستێکی سیاسی و چی بەربژێرێک داوە، کۆمپانیای دروستکەری سیستمەکە گەرەنتیی تەواوی داوە لە پارێزراوی و سەرکەوتوویی ئەو سیستمە، کە یەکەمجارە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەکاردێت.
 
گوتیشی، "سیستمی ئەلیکترۆنی خۆی بە شێوەیەکی خودکاری کاژێر 06:00ی ئێوارە سندووقەکانی دەنگدان دادەخات و رێگە بە درێژکردنەوەی کاتی دەنگدان نادات، هاوکات هەر دوای تەواوبوونی کاتی دەنگدان هەر سندووقێک ئەنجامی دەنگەکانی خۆی چاپ دەکات و لە ماوەی 24 کاژێریشدا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن دەردەکەوێت. جگە لەوەی کە سندووقەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجامەکان دەردەخەن، هەموو کارتەکانی دەنگدانیش بە شێوەی دەستی دووبارە دەژمێردرێنەوە."
 
"تاوەکو ئێستا هیچ بەربژێرێک رەتنەکراوەتەوە"
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ نەبەرد عومەر، لەبارەی پەسندکردن و رەتکردنەوەی بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوە کرد، هێشتا پرۆسەی وردبینی بەردەوامە و تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە، "کۆمیسیۆن ناوی بەربژێرەکانی نارد بۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەردوو دەستەی دەستپاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئێستا هێشتا پرۆسەی وردبینی بەردەوامە و ناوی بەشێک لە بەربژێرەکان گەڕێندراونەتەوە بۆ کۆمیسیۆن، تاوەکو ئێستاش بە فەرمی هیچ بەربژێرێک رەتنەکراوەتەوە و لە هەڵبژاردنەکە دوورنەخراوەتەوە."
 
گوتیشی، دوو ملیۆن و 683 هەزار کەس لە دەنگدانی گشتی مافی دەنگدانیان هەیە و 95%ی دەنگدەرانیش کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووەتەوە، تاوەکو رۆژی دەنگدانیش هاونیشتمانییان دەتوانن سەردانی بنکەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان کە لە هەولێر 72 هەزار کەس و لە سلێمانی 113 هەزار کەس کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە.
 
لەبارەی ئەو کەسانەش کە گرفتی خوێندنەوەی پەنجەمۆریان هەیە لە رۆژی دەنگدان بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق باسی لەوە کرد کە رێژەی 5٪ی هەر سندوقێکی دەنگدان بۆ ئەو کەسانە تەرخانکراوە کە پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە و بەپێی ژمارەی دەنگدەرانی هەر بنکەیەکی دەنگدان رێژەکەی دەستنیشان دەکرێت و هەر بنکەیەک رێژەی 5٪ی تێپەڕاند ئیدی دەنگدەر ناتوانێت بەبێ خوێندنەوەی پەنجەمۆرەکەی دەنگ بدات.
 
20ـى تشرینى یەکەمى 2024  لەلایەن سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە وەک رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمان دیاری کراوە، هەڵبژاردنەکە بەسەر چوار بازنەدا دابەشکراوە، بۆ سلێمانى 38 کورسی، هەولێر 34 کورسی، دهۆک 25 و هەڵەبجە سێ کورسی دیاری کراوە ، لەهەریەک لە هەولێر و سلێمانى دوو  کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان داندراوە ، لە دهۆک کورسیەک بۆ کۆتاى ئەرمەن تەرخان کراوە.