کچە قوتابییەکی نابینای رۆژهەڵاتی کوردستان لە تاقیکردنەوەی زانکۆ لە ریزی یەکەمەکانە
رووداو دیجیتاڵ
کچە قوتابییەکی نابینای رۆژهەڵاتی کوردستان لە تاقیکردنەوەی زانکۆدا پلەی 12ـەیەمی بەدەستهێنا. غەزەل بەهرامی لەنێو زیاتر لە 290 هەزار قوتابیی بەشدار لە تاقیکردنەوەی بەشی زانستی مرۆیی ئەو پلەیەی بەدەستهێناوە.
غەزەل خەڵکی گوندی هانەگەرمەڵەی هەورامان و دانیشتووی شاری پاوەیە.
لە کۆی 290 هەزار و 383 قوتابیی بەشدار لە تاقیکردنەوەی دەرچوون بۆ زانکۆ لە بەشی زانستە مرۆییەکان، غەزەل بەهرامی توانی پلەی 12 بەدەست بهێنێت.
ئەو بە تۆڕی میدیایی روودای راگەیاند "پێشتر رۆژانە هەشت کاژێر وانەکانم دەخوێند، بەڵام ئەم ساڵ کە ساڵی کۆتایی بوو و نەدەچوومە قوتابخانە رۆژانە 12 بۆ 13 کاژێر دەمخوێند. لە رۆژانی پێش تاقیکردنەوەش هەندێک رۆژ 15 کاژێر وانەکانم دەخوێندن، چونکە ناچار بووم بەهۆی نەبوونی کتێبی تایبەت، بە کورتی وانەکان بنووسمەوە".
غەزەل نابینایە و بەشداری لە پێشبڕکێیەکی زانستیی نایەکساندا کردووە، بۆیە سەرکەوتنەکەی دەنگدانەوەی زۆری هەبووە. غەزەل دەڵێت، نابیانایان دەتوانن سوود لە کتێبی برایل یان دەنگی وەربگرن. کتێبی برایل زۆر کەمن و کتێبە دەنگییەکانیش کۆنن و بەشێک لە وانە تازەکانیان تێدا نییە.
گوڵشەن بەهرامی، دایکی غەزەڵ بە رووداوی گوت، ئەو پلەیەی کچەکەی بەدەستی هێناوە، شیاوی بووە، چونکە سەختی و زەحمەتی زۆری کێشاوە و رەنگە هەندێک کەس بڕوا نەکەن، ئەگەر ئەو هەموو زەحمەتەیان بۆ بگێڕنەوە.
بەو پلەیەی بەدەستی هێناوە، غەزەل دەتوانێ لە باشترین زانکۆکانی ئێران و لە هەر بەشێک بیەوێ، بخوێنێت. ئەو بە رووداو دەڵێت، "ئاواتم ئەوەیە بتوانم لە زانکۆی تاران یان زانکۆی بەهەشتیی تاران بەشی دەروونناسی بخوێنم تاوەکو بتوانم کەسێکی بەسوود بم بۆ کۆمەڵگە و یارمەتی نابینایان بەتایبەت قوتابییانی نابینا بکەم."
لەو کاتەوە ئەنجامی تاقیکردنەوەی زانکۆ ئاشکرا بووە، خەڵک و بەرپرسان سەردانی غەزەل بەهرامی دەکەن و بەڵێنی پێدەدەن هاوکاری بکەن. غەزەل لە رێگەی رووداوەوە داوا دەکات هاوکاریکردنی قوتابییانی نابینا و خاوەن پێداویستیی تایبەت تەنیا ئەو کاتە نەبێ کە سەرکەوتوون، "بەڵکو پێویستە کاتێک هاوکارییان بکەن کە کێشەیان هەیە و بە چارەسەرکردنی کێشەکانیان، رێگەی سەرکەوتنیان بۆ بکەنەوە."
غەزەل زۆر هۆگری ئەدەبی کوردیشە و پێی خۆشە بە شێوازی برایل شیعری شاعیرانی کورد وەکو مەولەوی بخوێنێتەوە، بۆیە هیوادارە، دەقی ئەدەبیی کوردی بە شێوازی برایل بنووسرێنەوە بۆ ئەوەی نابینایان بتوانن سوودیان لێوەربگرن.
ئەو قوتابییە بە بەهرەیە لە منداڵییەوە گرنگی بە هونەریش داوە. دەفژەنێکی بەتوانایە و لە چەندین فێستیڤاڵ و پێشبڕکێی هونەری، پلەی یەکەمی دەفژەنی بەدەستهێناوە و خەریکە خۆی فێری ژەنینی ئامێری کەمانچەش دەکات.
غەزەل لە سەرکەوتنەکانیدا پشکی شێر دەداتە دایک و باوکی و دەڵێت، بە پاڵپشتی و هاوکاری ئەوان توانیویەتی بەسەر پلەکانی سەرکەوتندا سەربکەوێت.