لە سەقز ژنێک لە لایەن هاوژینەکەیەوە سووتێنرا
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان ژنێک لە لایەن هاوژینەکەی سووتێنرا و گیانی لە دەستدا، تاوانبارەک دەستگیر کرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2025، محەمەد سادق پیروزی، فەرماندەی پۆلیسی شاری سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 2ـی ئەیلوول پیاوێکی تەمەن 35 ساڵ کە ئالوودەبووی مادەی هوشبەر بووە ئاگری لە جەستە ژنەکەی بەرداوە.
محەمەد سادق پیروزی گوتی: "ژنەکە کە ناوی سورەیا عەلی محەممەدییە و تەمەنی 32 ساڵە لەلایەن دراوسێکانی گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لە دەستدا."
بە گوتەی پۆلیس، تۆمەتبارەکە لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکراوە و لە لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، فەرماندەی پۆلیسی شاری سەقز گوتی؛ لە کاتی لێکۆڵینەوەدا تۆمەتبار باسی لەوە کردووە کە بەهۆی کێشەی خێزانی، ئەو تاوانەی کردووە.
محەمەد سادق پیروزی گوتی: "پاش لێکۆڵینەوە لە تاوانبارەکە، دۆسیەکەی رادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراوە."