لە ورمێ 58 کەس بەهۆی پۆشینی جلی کوردی سزادران
رووداو دیجیتاڵ
58 هاونیشتمانیی دانیشتووی شارەکانی مەهاباد، بۆکان، پیرانشار و شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی، هەریەکەیان بە سێ مانگ بەندکردن سزادران
ئەمڕۆ چوارشەممە، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، "ئەو 58 هاونیشتمانییە لەلایەن لقی دادگای شۆرشی شاری پیرانشارەوە سزادراون، بەڵام دەتوانن لە بری چوونە زیندان هەر یەکەیان 24 ملیۆن تمەن بدەن."
ئەو کەسانە رۆژی02-01-2025 لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا، لە لایەن دەسەڵاتی دادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بانگی دادگە کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کرا.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو هاونیشتمانییانە دوای ئەوەی لە زەماوەندێکدا لە شاری پیرانشاری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بە جلوبەرگی کوردی و جامانەوە بەکۆمەڵ دەرکەوتوون، بانگی دادگەی شۆڕشی شارەکە کرا بوون.
کەسوکاری یەکێک لە بانگکراوان بە رووداوی گوت: ''ئەوان لە رێگەی کورتەنامەوە و بە بیانووی ئاژاوەنانەوە و ئاڵۆزی، بانگی دادگەی شۆڕشی پیرانشار کراون، لەکاتێکدا تەنیا جلوبەرگی کوردییان لەبەر کردووە". گوتیشی، ''لەنێو بانگکراواندا کەسانی بەتەمەنیش هەن کە نەک تەنیا لەو رێوڕەسمەدا، بەڵکو هەموو ژیانیان بە جلوبەرگی کوردی دەرکەوتوون.''
بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، موجتەبا مەحموودی، داواکاری گشتیی پیرانشار، ئەو هاونیشتمانییانەی بە تۆمەتی ''بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران'' بانگی دادگەکە کردبوو.
زۆربەی گەنجان، بەساڵاچووان، ژنان و کچان بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان جامانە بەکاردەهێنن، بە تایبەتی لە بۆنەکاندا، بەڵام ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران زۆرجار بەکارهێنانی جامانە لە بۆنەکاندا بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبەستنەوە.