دوو جۆر پڵنگ لە هەرێمی کوردستان لەنێوچوون و ژمارەیەک ئاژەڵی دیکەش هەڕەشەیان لەسەرە
رووداو دیجیتاڵ
بەو پێیەی هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی شاخاوییە و چوار وەرزی ساڵی هەیە، ئاژەڵی کێویی زۆر لێدەژی، بەڵام بەهۆی راوی نایاسایی، جەنگ و وشکەساڵییەوە، ژمارەیەک ئاژەڵی دەگمەن لەنێوچوون و هەڕەشە لەسەر ژمارەیەکی دیکەش هەیە. ئەندامێکی دامەزرێنەری کۆمەڵەی پڵنگانی بەمۆ دەڵێت، "نەبوونی ناوچەی پارێزراو بۆ ئاژەڵان، هۆکاری سەرەکیی لەنێوچوونیانە."
لە هەرێمی کوردستان، بە یاسا راوکردن قەدەخە کراوە و پۆلیسی تایبەت بە دارستان و ژینگە هەیە، بەڵام ئەمە هەڕەشەکانی بۆسەر ئاژەڵی کێوی بنبڕ نەکردووە.
بەشێک لەو ئاژەڵە دەگمەنانەی لە هەرێمی کوردستان هەن
چەندین جۆر ئاژەڵی دڕندە، ئاسایی، گۆشتخۆر و گیاخۆر و باڵندەی کێوی لە هەرێمی کوردستاندا هەن، بەشێکیان دەگمەنن و لە زۆربەی وڵاتاندا نەماون، بەپێی کۆمەڵەی پڵنگانی بەمۆ، دیارترین ئاژەڵەکان ئەمانەن:
پڵنگ (جۆرەکانی)
کەمتیار
چالاکە
سیخوڕ
ئاسک (جۆرەکانی)
کەڵەکێوی
ورچ
شاڕێوی
پڵنگی زاگرۆس، کە لە چیاکانی زاگرۆس دەژین و جارجار لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانیش بیندراون.
ئەو ئاژەڵانەی لەنێوچوون
ژمارەیەک ئاژەڵی کێویی ناوازەش لەنێوچوون و هەڕەشە لەسەر ژمارەیەکی دیکەشیان هەیە.
بە گوتەی بەهێز فارووق، ئەندامی دامەزرێنەری کۆمەڵەی پڵنگانی بەمۆ، کە قسەی بۆ رووداو کردووە، ئەوانەی بەتەواوی لەنێوچوون ئەمانەن:
بەور (جۆرێکی پڵنگە)
وێز (جۆرێکی پڵنگە)
بەرانە کێوی
ئەو ئاژەڵانەی هەڕەشەی لەنێوچوونیان لەسەرە، ئەمانەن:
بەرزەک
کەمتیار
بەرانەکێوی
چالاکە
لە بارزان، قەرەداخ و دەربەندیخان ناوچەی پارێزراو بۆ ئاژەڵی کێوی هەن
بەهێز فارووق دەڵێت، شەڕی ئێران و عێراق (1980 – 1988) هۆکاری سەرەکی بووە بۆ لەنێوچوونی بەشێک لە گیاندارەکان، بەتایبەتی بەرانەکێوی.
بە گوتەی ئەو، هەڕەشەی لەنێوچوون لەسەر هەموو گیاندارە کێوییەکان هەیە، لەبەر چەند هۆکارێک:
یەکەم: نەبوونی ناوچەی پارێزراو بۆ گیانداران. 15%ی ناوچە پارێزراو لە جیهاندا هەیە، بەڵام لە کوردستان زۆر کەمترە. تەنیا لە بارزان و ناوچەیەکی دیاریکراو لە قەرەداخ و دەربەندیخان (چیای بەرانان) ناوچەی پارێزراو هەن.
ئەو گیاندارانەی تینوێتی کوێریان دەکات
چەند ساڵێکە و بەدیاریکراوی ئەم ساڵ، بڕی پێویست باران نەباریوە، ئەمەش بووەتە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر ئاژەڵە کێوییەکان، چونکە بەشێکیان کۆچ دەکەن و بەشێکی دیکەشیان لە تینوێتیدا کوێر دەبن.
ئەو ئەندامەی دامەزرێنەری کۆمەڵەی پڵنگانی بەمۆ دەڵێت: "دروستکردنی حەوزی ئاو لە دارستان و چیاکان زۆر گرنگە بۆ مانەوەیان لە ژیان یان رێگریکردن لە کۆچکردنیان، چەند ئاژەڵێکی دیاریکراو هەن کە تینوێتی کوێریان دەکات، دیارترینیان ئاسک و بزنی کێوی-ن.
دەستەی ژینگە: سزای دارایی راوکردنی ئاسکێک دەگاتە 10 ملیۆن دینار
ئازاد نووری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هونەرییە لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ئاژەڵە کێوییەکان و کاریگەریی گۆڕانی کەش و هەوا لەسەریان، تاڕادەیەک گەشبینە و دەڵێت، "ئاژەڵەکان دەزانن خۆیان لەگەڵ ژینگە بگونجێنن."
لەبارەی سزادانی ئەو کەسانەشی کە بە نایاسایی راو دەکەن گوتی، سزادان بۆ راوچی هەیە، کوشتنی مامزێک تاوەکو 10 ملیۆن دینار سزای لەسەرە، "تەنانەت پۆلیسی دارستان ئەگەر ئاژەڵێک بکوژێت تاوەکو فەسڵکردن سزا دەدرێت."
رێنوێنیی تایبەت بە بەخێوکردنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی
دەستەی ژینگە، رێنوێنیی تایبەت بە بهخێوكردنی ئاژهڵ و باڵندهی كێوی دهركردووە. رێنوێنییەکە ژماره 2ی ساڵی 2022ی تایبهت به بهخێوكردنی ئاژهڵ و باڵندهی كێوییە کە لە 16 ماددە پێکهاتووە.
بەگوێرەی رێنوێنییەکان، هەر کەسێک ئاژەڵ و باڵندەی کێوی هاوردە دەکات، دەبێت بەڵگەنامەی هەبێت کە هاوردەکراوە و بیسەلمێنێت.
لە ماددەی دووەمی رێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2022دا باس لە مەرجەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی کراوە، کە بریتین لە:
یەکەم: وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی لەلایەن فەرمانگەکانی سەر بە دەستە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
دووەم: ئەو شوێنەی کە ئاژەڵ و باڵندەی کێویی لێ دەکڕدرێت ئەگەر لە ناوخۆ بوو، پێویستە مۆڵەتی فەرمیی لە دەستە پێدرابێت، هەروەها ئەگەر لە دەرەوە هاتبێت، پێویستە مۆڵەتی فەرمیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو وڵاتەی وەرگرتبێت.
سێیەم: دەبێت پسوولەی کڕین و ژمارەی ئاژەڵ و باڵندەکان و جۆریان و ناوی زانستی و ناوی باوی ئاژەڵ و باڵندەکان لە پسوولەکەدا هەبێت.
چوارەم: دەبێت ژمارە و رێککەوتی مۆڵەتی رێگەپێدانی بەخێوکردنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی ئەو لایەن و دامودەزگا میرییەی لەسەر بێت، کە رێگەپێدانی بۆ کردووە، هەروەها دەبێت لە پشتی پسوولەکەدا شوێنی کڕین بنووسرێت و مۆر و واژۆ بکرێت.
پێنجەم: نابێت بە هیچ شێوەیەک ئاژەڵ و باڵندەی کێویی ناوەوەی هەرێمی کوردستان بێت.
شەشەم: دەبێت ئەو ئاژەڵ و باڵندانە بێت کە لە رێککەوتننامەی سایتس رێگەی پێدراوە، نابێت ئەو ئاژەڵ و باڵندانە بێت کە بازرگانیکردن و بەخێوکردنیان قەدەخەکراوە.
حەوتەم: پێویستە لەلایەن کەسی پسپۆڕ لە بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری چاودێریی تەندروستیی ئاژەڵەکان بکرێت، و بە شێوەی نووسراو فەرمانگەکانی ژینگەی لێ ئاگاداربکرێتەوە، دەشتوانرێت سوود لە پاشەڕۆی ئاژەڵەکان وەربگیرێت وەکو پەین.
هەشتەم: لە کاتی زیادبوون یاخود لەنێوچوون، پێویستە فەرمانگەی ژینگەی سنوورەکەی لێ ئاگاداربکرێتەوە.
شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵەکان
- دەبێت پێش هێنانی یان بەدەستهێنانی مۆڵەت، شوێنی بەخێوکردنی ئامادە بکرێت.
- بۆ ئاژەڵی کێوی دەبێت شوێنی تایبەت بە بەخێوکردن هەبێت و سنوورداربێت و تەلبەند کرابێت، هەروەها پێویستە لانیکەم یەک کیلۆمەتر دووربێت لە سنووری شارەوانی و 500 مەتر دووربێت لە شەقامی سەرەکی و سنووری گوندەکان، بەڵام بۆ باڵندە کێوییەکان پێویستە بەپێی جۆر و قەبارەی باڵندەکە شوێنی بەخێوکردنی بۆ دابین بکرێت.
- هەبوونی جێگەیەکی فراوان و کراوە بۆ ئاسانکردنی جووڵە و هەڵسوکەوتی ئاژەڵ و باڵندەکان.
- چاندن و دابینکردنی سەرچاوەی پێویست بۆ لەوەڕاندن و دابینکردنی ئالیکی پێویست و دابینکردنی گۆشت بۆ ئاژەڵە گۆشتخۆرەکان، بەشێوەیەک بێت پێچەوانەی یاسا و رێنوێنییە بەرکارەکان نەبێت.
- دانانی شوێنی تایبەت بۆ ئاوخواردنەوە بە شێوەیەک بە ئاسانی پێی بگات و پاک و خاوێن بێت.
- دابینکردنی شوێنی تایبەت بە باڵندە و ئاژەڵە ئاوسەکان و نەخۆشەکان کە تێکەڵی ئەوانی دیکە نەبن، پێویستە شوێنی بێچووی تازە لەدایکبووەکانیش دابین بکرێت.
- دابینکردنی کەرەستەی تایبەت بە هەواگۆڕکێ و گەرمکەرەوە و ساردکەرەوە لە وەرزە جیاوازەکاندا.
سزادان
- لە کاتی هەبوونی سەرپێچی لە هەرکام لەو مەرجانەی کە ئاماژەی پێکرا، سزای سەرپێچیکار دەدرێت، بەپێی ئەو سزایەی کە لەلایەن دەستە دیاری دەکرێت و مۆڵەتی بەخێوکردنی لە کەسەکە وەردەگیرێتەوە.
- هەر کەرەستەیەک لە کاتی سەرپێچیدا دەستی بەسەردا بگیرێت لە ئەنجامی پابەندنەبوونی سەرپێچیکار بە رێنوێنییەکان دەبێتە مۆڵکی دەستە. هەروەها دەکرێت سکاڵای یاسایی لەسەر سەرپێچیکارانی ئەم رێنوێنییانە بۆ لایەنی قەزایی تایبەت پێشکێش بکرێت.