سەرۆکی شاندەکە: هیچ رێککەوتنێک لەنێوان بەغدا و هەولێر لەبارەی سیستمی ئەسیکۆدا نەکراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
راوێژکارێکی یاسایی وەزارەتی ناوخۆ کە دەڵێ، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بۆ پێناسە گومرگییەکانە، هەواڵەکەی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رەت دەکاتەوە و دەڵێت: "هیچ رێککەوتنێک لەنێوان بەغدا و هەولێر لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا نەکراوە."
 
دوێنێ شەو وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا رێککەوتوون.
 
رۆژی چوارشەممە، 03ـی ئەیلوولی 2025، سامی جەلال، راوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ کە دەڵێ، سەرۆکایەتی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بۆ پێناسە گومرگییەکان دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو هەواڵەی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە دروست نییە. ئێمە دوێنێ لەگەڵ عێراق دووبارە لەسەر پرسی پێناسە گومرگییەکان کۆبووینەوە، بەڵام لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا رێکنەکەوتین."
 
بە گوتەی سامی جەلال، تەنیا رێککەوتن لەبارەی کۆمپانیا 14 ژمارەییەکان کراوە.
 
14 ژمارە چییە؟
 
سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بۆ پێناسە گومرگییەکان دەڵێ: "لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیاکان بە 14 ژمارەی بێ هاوتا دەناسرێنەوە و لە عێراقیش بە 9 ژمارە. ئێمە وا رێککەوتین کە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە 14 ژمارە بناسرێنەوە تاوەکو جیا بکرێنەوە لە کۆمپانیاکانی عێراق و لەوێ باج نەدەن و لە هەرێمی کوردستان بیدەن."
 
لەبارەی سیستەمی ئەسیکۆدا، سامی جەلال دەڵێت: "رێککەوتنی لەسەرنەکرا، چاوەڕێی دەرچوونی فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانین بۆ پێکهێنانی لیژنە لەسەر ئەو بابەتە کە دوو نوێنەری هەرێمی کوردستانی تێدایە. ئەوکات گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت."
 
هەر لەو بارەیەوە بڵند محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، بە رووداوی گوت: "لە سیستمی ئەسیکۆدا دوو بابەت هەن. یەکێکیان پەیوەندی بە کۆمپانیاکانەوە هەیە و ئەوی دیکە بە گومرگەکانەوە. زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان لەسەر پێناسە گومرگییەکان کرا و گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کۆمپانیاکان بخرێنە نێو ئەو سیستەمەوە".
 
بە گوتەی بڵند محەممەد، پێشتر کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان نەیاندەتوانی بچنە نێو ئەو سیستەمەوە، چونکە ژمارەی باجیان لە حکومەتی فیدراڵی نەبوو، دواتر رێککەوتن لەسەر ئەوە کرا کە ژمارەی بازرگانیی کۆمپانیاکان (UEN) بکرێتە بنەمایەک بۆ بەشداریکردن لەم سیستەمە.
 
سیستمی ئەسیکۆدا سیستەمێکە مامەڵە و رێکارە گومرگییەکان بە تەواوی ئۆتۆماتیکی دەکات. 
 
وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دوێنێ شەو بڵاویکردەوە، بڵند محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ و بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی جۆری لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی عێراق و سامی سوودانی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە بۆ چارەسەری چەند کێشەیەک کە لەنێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی کۆمپانیاکانەوە هەبوون.
 
یەکێک لەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوەکەدا درا و رێککەوتنی لەسەر کرا، بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، سیستمی "ئەسیکۆدا" بوو "کە ئەم سیستەمە لە ماوەکانی رابردوودا یەکێک بوو لە کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا و بازرگان و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان باجی ئەو ناکۆکییانەیان دەدا، راستەوخۆش کاریگەریی خراپی بۆ سەر دۆخی بازاڕ و بازرگانی و ئابووریی هەرێمی کوردستان هەبوو."
 
لە رێککەوتنەکەدا، وەزارەتی بازرگانی دەڵێت، "بڕیار درا بە بەکارهێنانی ژمارەی بازرگانیی کۆمپانیاکان (UEN) کە پێکهاتووە لە 14 ژمارەی بێهاوتا، بکرێتە بنەمایەک بۆ وەرگرتن و بەشداریکردن لە سیستمی ئەسیکۆدا و بۆ لەمەودوا کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان پێویستیان بە ناسنامەی باج (هوية ضريبية) نابێت، لەگەڵ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کۆمپانیاکانی کوردستان بەگشتی دەتوانن وەکو کۆمپانیاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کاری بازرگانیی هاوردە و هەناردەی خۆیان بە شێوەیەکی ئاسایی و یاسایی بەجێبگەیێنن."