پارێزەرێکی راوێژکار: ئازادکردنی بەمەرج شاسوار عەبدولواحید ناگرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا سەرجەم ئەو موڵکانەی کۆمپانیای نالیا و چاڤی دەفرۆشرێن کە دەستیان بەسەردا گیراوە و ژمارەیان 60 موڵکە. پارێزەرێک دەڵێت، "ئەو کەسەی موڵکەکان بکڕێت، دەبێت بەرپرسیارێتی خاوەن پشکەکان هەڵبگرێت."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی ئەیلوولی 2025، شاسوار شێخ عەتا بەرزنجی، پارێزەری راوێژکار لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید پێشکێشی دەکات، لەگەڵ ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو تاوتوێی سزادانی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و فرۆشتنی موڵکەکانیان کرد.
 
لەبارەی سزادانی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، شاسوار شێخ عەتا گوتی، "سزاکە لە دادگەی کەتنی سلێمانی دەرچووە. دادگەی کەتنیش بڕیارەکەی ئاساییە و هەرکەسێک بڕیارەکەی بەدڵ نەبێ، 30 رۆژی لەبەردەمە و دەتوانێ تانەی لێ بدات. دامەزراوەی تێهەڵچوونەوە بڕیاری کۆتایی لەسەر سزاکە دەدات."
 
شاسوار عەبدولواحید رۆژی 12ـی ئابی 2025 کاژێر 10:00ی شەو بە بڕیاری دادوەر دەستگیر کرا، بۆ یەکەم جار 21ی ئاب برایە بەردەم دادوەر. رۆژی 02-09-2025 دادگەی سلێمانی سزای 5 مانگ بەندکردنی بەسەر شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی نەوەی نوێ دا سەپاند.
 
ئەو پارێزەرە گوتیشی، "سزا پێویستە لە شەش مانگ زیاتر بێ ئینجا ئازادبوونی بەمەرج دەیگرێتەوە. سزاکەی شاسوار عەبدولواحید لە پێنج مانگ کەمترە، بۆیە ئەو جۆرە ئازادکردنە نایگرێتەوە و پێویستە هەموو حوکمەکەی تەواو بکات، ئینجا ئازاد دەکرێت."
 
رۆژی 31-08-2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا سەرجەم ئەو موڵکانەی کۆمپانیای نالیا و چاڤی دەفرۆشرێن کە دەستیان بەسەردا گیراوە و ژمارەیان 60 موڵکە.
 
لەو بارەیەوە شێخ عەتا بەرزنجی دەڵێت، "حکومەت بۆ قەرزی خۆی موڵکەکانی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەفرۆشێ. قەرزی حکومەتیش یەکێکە لە قەرزە لەپێشینەکان. حکومەت ئەو موڵکانە بۆ قەرزی خۆی دەفرۆشێت. هاوکات هەر کەسێک موڵکەکانی بکڕێتەوە، دەبێ بەرپرسیاری خاوەن پشکەکان هەڵبگرێت."
 
بەپێی وەزارەتی دارایی، قەرزەکانی وەزارەتەکەیان لەسەر کۆمپانیای نالیا گەیشتووەتە نزیکەی 92 ملیار دینار.
 
لەبارەی جووڵاندنی دۆسیەی دیکە دژی شاسوار عەبدولواحید بەر لەوەی ماوەی سزاکەی تەواو بکات، ئەو پارێزەرە راوێژکارە گوتی، "هەرکەسێک ماوەی سزادانەکەی تەواو بکات، بەرنابێت تاوەکو پێداچوونەوەی بە دۆسیەکانی نەکرێ. ئەگەر سکاڵای دیکەی دژی تۆمارکرابێت، رەوانەی بەردەم دادوەری دەکەن و رێکاری یاسایی لەگەڵ جێبەجێ دەکرێت."
 
شاسوار شێخ عەتا بەرزنجی ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە هەر دۆسیەیەک دژی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ هەبێت، لە ماوەی زیندانیکردنەکەی بە ئەنجام بگات.