مەسرور بارزانی بۆ یەکێتی: هیوادارم هەنگاوەکانتان دوای کۆنگرە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان چڕبکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، پیرۆزبایی لە سەرۆک و سەرکردایەتیی حیزبەکە دەکات.
رۆژی سێشەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بڵاوکردەوە و گوتی، "بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرە و دەستنیشانکردنی سەرکردایەتی نوێی یەکێتی، پیرۆزبایی لە ئێوە و هەموو ئەندام و لایەنگرانی حیزبە تێکۆشەرەکەتان دەکەم."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هیوادارم قۆناغێکی نوێ لە خزمەتی گەل و نیشتمان دەست پێ بکەن و هەنگاوەکانتان بۆ یەکڕیزی و تەبایی و پەرەپێدان بە دەستکەوتەکان و پاراستنی نیشتمان و بەرژەوەندییە باڵاکانی خاک و خەڵکی کوردستان چڕتر بکەن و هەروەها هەماهەنگی و پشتیوانیتان بو جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکانی حکومەت زیاتر بکەن."
کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی 27ـی ئەیلوول دەستیپێکرد و ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 01-10-2023، کۆتاییهات و جەعفەر شێخ مستەفا، وەکو سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی دەستنیشانکرا، بەڵام ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە باڵایە هەڵنەبژێردران کە بەگوتەی تەلار لەتیف، گوتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بە هاوئاهەنگیی نێوان بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و سکرتێری ئەنجوومەنەکە، ئەندامانەکان دیاریدەکرێن.
ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیش لە 120 کەسەوە بۆ نیوە کەمکراونەتەوە کە بە یەک لیستی داخراو هەڵبژێردراون و رووداو زانیویەتی، ژمارەیەک لە ئەندامان لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەستنیشانکراون، ستران عەبدوڵڵا پێیوایە ئەمە لیستی بافڵ تاڵەبانی نەبووە، ''بەڵکو لیستی یەکێتییە کە کاک بافڵ تەنیا چەند ناوێکی دیاریکردووە و هەڤاڵانی دیکەش لە دیاریکردنی ناوەکان و ئەو رێوشوێنانەی بۆ بنەمای حیزبی پێویستن، بەشداربوون.''