رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ رووداو: لایەنی دەرەکی کێشەمان بۆ دەنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، لایەنی دەرەکی کێشەیان لەنێو بزووتنەوەدا دروستکردووە و ئەو کەسانەی لە حیزبەکە جیابوونەتەوە، "بە پیلانی دەرەکی" هەوڵی نانەوەی کێشەیان لە کۆنگرە دەدا.
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی، "لە سێ کۆنگرەی رابردوودا کامیل حاجی عەلی بۆ رابەری بزووتنەوە خۆی بەربژێرکرد و دەرنەچوو. ئامادەبووم دەستبەرداری رابەری ببم لەپێناوی دروستنەبوونی کێشە بۆ بزووتنەوە، بەڵام ئەوەش قبووڵ نەکرا و هیچکات من خۆم بۆ پۆستی رابەری بەربژێر نەکردووە".
ئەمڕۆ سێشەممە، 3-10-2023، کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دوای کێشەکانی نێو حیزبەکە لە کۆنگرەی 12دا، بە ناونیشانی "کۆنگرەی دامەزراندن" لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو. بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرەی بزووتنەوە کە لە کامیل حاجی عەلییەوە نزیکن، بایکۆتکردنی کۆنگرەیان راگەیاند و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایانگەیاند، بەشداریی کۆنگرەکە ناکەن و ژمارەیەک هۆکاریان وەک پاساو هێنایەوە و رابەری ئێستای بزووتنەوەی ئیسلامی (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز)ـیشیان بە "ساختەکاری و شاردنەوەی راستییەکان" تۆمەتبارکرد.
لە بەرامبەر تۆمەتبارکردنی بە ساختەکاری لە کۆنگرەکەدا، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز کە لە هەزار و 36 دەنگی ئەندامانی کۆنگرە 986 دەنگی بەدەستهێنا و بە رابەر هەڵبژێردرایەوە، لە رووداوی ئەمڕۆدا ئەو تۆمەتانەی بە بێ بنەما ناوبرد و گوتی، لە کۆنگرەدا هیچ سەرپێچییەکی یاسا، رێنماییە بەرکارەکان و رێکارەکانی کۆمیسیۆن نەکرا و نوێنەری کۆمیسیۆن چاودێریی پرۆسەکەی کردووە.
ئەو گوتانەی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لەکاتێکدایە، کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی کرا. باڵەکەی کامیل حاجی عەلی کە زیاتر لە ساڵێک بوو بەناو و لۆگۆی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە کاریان دەکرد، وەکو داننان بە کۆنگرەکەدا لە ناوی بزووتنەوە کشانەوە و ناوێکی دیکەیان بۆ خۆیان دیاریکرد بەناوی "بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامیی کوردستان".
رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێت، لایەنەکەی بەرامبەر لە سلێمانی بارەگایەکیان بۆ کراوەتەوە و گوتی، "بارەگاکەیان قاچاخ و نایاساییە و پێویستە دابخرێت".
لەبارەی ئەو لایەنەوە کە تۆمەتباری دەکات بەوەی هەوڵی نانەوەی کێشەی داوە، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێت، "ئێستا نامەوێت هیچ لەبارەیەوە بڵێم. هەر کاتێك یاداشتەکانم نووسینەوە، هەموو شت ئاشکرا دەکەم".