دەرماڵەی مامۆستا و فەرمانبەرانی پەروەردەی عێراق کرایە 300 هەزار؛ هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؟


رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی حکومەتی عێراق بڕیاریدا دەرماڵەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە لە 150 هەزارە بکاتە 300 هەزار دینار، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت: "دەبێت بۆ ئێمەش ببەسترێت و کارکردن بۆی بەردەوامە".
 
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مووچە فیدراڵییە و دەبێت دەرماڵەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی عێراق بۆ 300 هەزار دینار زیادبکرێت".
 
بڕیارەکە بۆ مووچەخۆرانی پەروەردە لە عێراق لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقیی بڵاوکراوەتەوە و پێدەچێت لە مووچەی مانگەکانی 10 بەدواوە دەرماڵەیان بکرێتە 300 هەزار دینار.
 
ئەحمەد گەرمیانی گوتی: "هەوڵەکانمان دەستپێکردووە بۆ هاوتاکردنی دەرماڵەی مووچەخۆرانی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە عێراق و بەردەوامیش دەبین تاوەکو دەگاتە ئامانج".
 
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان گوتی: "وەزارەتی پەروەردە لەسەر هێڵە و لە شاندی دانوستاندنکاری هەولێر و بەغداش قسەی لەبارەوە کراوە؛ هەموو هەوڵێک هەیە کە بۆ ئەوان بەسترا بۆ ئێمەش ببەسترێت".
 
ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەرماڵەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە مانگانە  150 هەزار دینارە.