دەستەی ژینگە: پارک و باخچەکان بۆ بانگەشە نابن و سزا دەدرێن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی ژینگە دەڵێت، نابێ پارک و باخچەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەکاربهێنرێن. ئاماژە بەوەش دەکات، ''تیمی چاودێرمان هەیە و هەر پێشێلکارییەک لەلایەن بەربژێرانەوە رووبدات، سزا دەدرێن.''
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 03-10-2025، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە فوئاد رەحیم پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ''پێویستە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا هاوسەنگیی ژینگە بپارێزرێت.''
سەنعان عەبدوڵڵا گوتی، ژمارەیەک رێنوێنییان بۆ پاراستنی ژینگە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەرکردووە کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان و بەربژێران پێیانەوە پابەند بن.
گوتەبێژی دەستەی ژینگە ئاماژەی دا، بەگوێرەی یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2008ـی دەستەکە، ''پێویستە بۆ پۆستەرەکانی بانگەشە، لەبری پلاستیک یان نایلۆن کە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ژینگە هەیە، کاخەز و قوماش بەکاربهێنرێن کە دۆستی ژینگەن.''
سەنعان عەبدوڵڵا جەختی لەوە کردەوە، پێویستە لەکاتی بانگەشەدا، پۆستەری بەربژێران دوور بن لە شوێنە گشتییەکان، بەتایبەتی پارک و باخچەکان، ''چونکە هەڵواسینی ئەو وێنە و پۆستەرانە بە بزمار و چەسپ، کاریگەریی نەرێنی لەسەر دار و نەمامەکان دەبێت.''
گوتەبێژی دەستەی ژینگە ئاماژەی بە زیانەکانی خۆڵ و خاشاکی دوای بانگەشەی هەڵبژاردن کرد بۆ ژینگە و گوتی، ''داوامان کردووە بانگەشە لەو شوێنانە بێت کە کەمترین کاریگەری بۆ ژینگە هەیە.''
بەگوتەی سەنعان عەبدوڵڵا، تیمێکی دەستەی ژینگە چاودێریی پڕۆسەی بانگەشە دەکات و، ''هەر پێشێلکارییەک لەلایەن بەربژێرانەوە رووبدات، ئاگادار دەکرێنەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک شارەوانی و کۆمیسیۆن، رێکاری یاسایی بۆ سزادانیان دەگرنەبەر.''
وەک گوتەبێژی دەستەی ژینگە دەڵێت، رێنماییەکیان بۆ دیاریکردنی سزای سەرپێچییە ژینگەییەکان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەرکردووە کە ''سزاکان لە 300 هەزار دینارەوە بۆ 10 ملیۆن دینار دەبن، بەڵام ناتوانین وەکو ستانداردێک تەماشای بکەین، چونکە لایەنەکانی دیکەش سزایان هەیە و دەکرێ بە هاوئاهەنگیی ئەوان رێکبخرێنەوە.''
لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی هەرێمی کوردستان و عێراقدا، ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکان بەهۆی شێواندنی ژینگە زیاتر لە ملیۆنێک دینار سزا دراون. سەنعان عەبدوڵڵا وایگوت.
گوتیشی، بۆ پاراستنی ژینگە و رێگریکردن لە شێواندنی، باشترە لایەنە سیاسییەکان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، زیاتر سوود لە سۆشیال میدیا وەربگرن.
بڕیارە رۆژی 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت کە 320ـیان گشتین و 9 کورسییان کۆتان. دوو رۆژ پێشتر، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت.
بەگشتی سێ ملیۆن و 888 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان هەن. بەگوێرەی کۆمیسیۆن، لەو ژمارەیە، سێ ملیۆن و 69 هەزار کەس کارتی بایۆمەترییان وەرگرتووە و دەتوانن بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکەن.